ژنێك بۆ گرتنی وێنەیەك ژیانی خۆی لەدەستدا

هەمەڕەنگ

08/07/2020‌ 1195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ویلایەتی (ئەریزۆنا)ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ژنێك لە كاتی وێنە گرتندا لە ناوچەی (گراند كانیۆن)، كە بە دۆڵی مەزن ناسراوە گیانی لە دەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی لە بەرزایی 30 مەتر كەوتە خوارەوە.
 
هێزەكانی پۆلیس توانیان لاشەی (ماریا سالگادو لوپیز) تەمەن 59 ساڵ لە ناوچە دۆڵی مەزن بدۆزنەوە  و تەرمەكەشی هەڵگرنەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی (دیلی میل)ی بەریتانی، ماریا لەكاتی ڕووداوەكە لەگەڵ خێزانەكەی خەریكی پیاسەوە گەڕان و وێنەگرتن بوو.

ناو و ناوبانگی دۆڵی مەزن گرێدراوی‌ زنجیرە ڕووداوێكی كوشندەوە،‌ لە ساڵی 2018  لەو دۆڵە 17 كەس كۆچی دواییان كردووە، لە ساڵی ڕابردووش بەلایەنی كەمەوە ‌4 كەسی تێدا مردوون.

بە گوێرەی وتەی (ڤانیسا سیگا سیرفانتش)ی قسەكەری باخچەی نیشتیمانی (گراند كانیون)، تێكڕای مردنی ساڵانە لەناوچەكە 12 كەسهە‌ ئەمەش بەهۆی بەربوونەوە لە كاتی وێنەگرتن‌ یان نقومبوون یان تا لێهاتنەوە.

ئەو شوێنە بە یەكێك‌ لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەكانی ئەمریكا دادەنرێت، لەساڵی 2018 نزیكەی 6.4 ملیۆن گەشتیاری بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.

سەرچاوە: سكای نیوز
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی