مایكڵ رۆبن پێشنیاز دەكات توركیا لەجیاتی پەكەكە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە

کوردستان

08/07/2020‌ 2619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مایكڵ رۆبن توێژەری ئەمەریكی لە پەیمانگای "ئەمێریكان ئینتەرپریاز"و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پێگەی "نۆرس پرێس" ڕایگەیاندووە، مانگی رابردوو لە لەكاتی قسەكردنی لەبەردەم لیژنەی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئاینییەكان وتویەتی: پێویستە لەسەر ئەمەریكا چاو بەو پۆڵێنە كۆن‌و ناواقیعییەدا بخشێنێتەوە، كە بۆ گرووپە تیرۆریستییەكانی جیهانی كردووە و بۆ ئەوەش پێشنیازی كردووە توركیا لەجیاتی پارتی كرێكارانی كوردستان بخرێتە لیستی تیرۆری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە.

رۆبن ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەوەی حەماسی فەلەستینی و ڕێكخراوی داعش دەیكات شایەنی ئەوەیە لە پۆڵێنی گرووپە تیرۆریستییەكاندا دابنرێن، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەوانەی توركیا دەڵێت: سەر بە پارتی كرێكارانن هیچ كارێكیان نەكردووە ئێمەی ئەمەریكی شەرمەزار بكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە شەر لەگەڵ ئەو توندرەو و تیرۆریستانە دەكەن، كە دوژمنی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكان.

هەروەها ڕوونیشیكردووەتەوە، كە ئەوەی لە سوریا روودەدات گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كوردەكان دژ بەتوندرەوی دەجەنگن‌و ئەوان هاوشمان‌و هەردوولامان یەك ئامانجمان هەیە، نەك ئەوان دوژمنی ئێمە بن.

مایك رۆبن باسی لەوەش كردووە لەماوەی ساڵانی رابردوو توركیا لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە چەواشەكارییەكی زۆری كردووە و زانیاری هەواڵگری ناڕاست‌و پۆخەڵی پێشكەش بە ئەمەریكا كردووە، بۆیە دەبێت ئەوە پاڵمان پێوەبنێت جارێكی تر بیری جیدیی لەلابردنی ئەو پەكەكە لە لیستی تیرۆری وڵاتەكەمان بكەینەوە، هەروەك دەبێت چاو بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەنقەرەدا بخشێنینەوە و وەك پشتیوانی تیرۆر و لەناو لیستی تیرۆردا جێی بكەینەوە.

ئەو توێژەرە ئەمەریكییە دەشڵێت: ئەو ناوچە ئارامەی جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا باسی لێوەدەكات، ئێستا بووەتە پەناگەی تیرۆریستان و هەر دوای هاتنی هێزەكانی توركیا بۆ ناوی دەستكراوە بە تاوانەكانی پاكتاوی نەژادی و سیاسەتی گۆڕینی سنوورەكانی باكووری سوریا كە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە كارەساتی لێكەوتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی