هەرێم هێزی پێشمەرگەو زێرەڤانی لەسنوورەكانی لەگەڵ توركیا جێگیر دەكات

کوردستان

09/07/2020‌ 1652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە و زێرەڤانی، كە پێشتر بەهۆی شەڕی داعش لەسەر سنوورەكان كشێندرانەوە، گەڕێندراونەتەوە شوێنەكانی پێشتریان‌و پارێزگاری لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، فەریق جەمال ئیمنێكی لەو بارەوە وتی: ئەو سنوورانە بە تەنیا بە پاسەوانی سنوور كۆنترۆڵ ناكرێت دەبێت هێزی پێشمەرگەیش هاوكارییان بكات، پێشتر پێش شەڕی داعش لەهەموو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور هەبوو، بەڵام لەكاتی شەڕی داعشدا، هێزەكانی زێرەڤانی و پێشمەرگەمان هەمووی هێنا بۆ ناوچەی شەڕەكان و زۆرینەی ناوچە سنوورییەكان چۆڵكران، ئێستایش، كە شەڕ نەماوە دەرفەت هەیە بۆ دووبارە گەڕانەوەی هێزەكانمان بۆ سنوورەكان، بۆیە هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگە گەڕاونەتەوە هەندێك لە ناوچە سنوورییەكان ئەوەیش شتێكی نوێ نییە، پێشتریش لەو سنوورانە هەبوون و ئەو هێزانەش ئێستا گەڕاونەتەوە رەبایە و شوێنەكانی پێشتری خۆیان.

فەریق جەمال ئیمنێكی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتیشی: بەو هۆیەی ئەو رێگایەی رۆژئاوای چیای مەتین، كە لە بامەڕنێ-وە دێت و دەچێت بۆلای باتیفا و كانی ماسێ رێگایەكی ستراتیجییە و نزیكی ١٠ بۆ ١٥ گوندی لێیە و بۆئەوەی رێگاكە و ئەو گوندانەش بپارێزین فەوجێكی زێرەڤانیمان بردە ئەو ناوچانە و لەوێ جێگیرمان كردوون لە شوێنەكانی پێشتری خۆیان، چونكە لە پێشتریشدا ئەو ناوچانە هەر پێشمەرگەی لێبووە.

هەروەها وتی: جگە لەو رێگایەی رۆژئاوای چیای مەتین لە ناوچەكانی زاخۆ، كانی ماسێ و شیلادزێ هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانی هەن و هەر ناوچەیەكیش پێویست بكات هێزی لێ جێگیر دەكەین چونكە ئەو ناوچانە كوردستانن و دەبێت بپارێزرێن.

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربارەی ئەوەی هیچ هەماهەنگییەك هەیە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی پاسەوانی سنوور وتی: لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی دەڤەری زاخۆ، لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی هێزی پاسەوانی سنوور هاتنە ناوچەكە و لە نزیكەوە ناوچەكەیان بینی، پێیان باشبوو هەماهەنگییەكی باش هەبێت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی پاسەوانی سنوور، بۆیە بەڵێ هەماهەنگیمان هەیە.

هـ ـ ح