تاوانێك بەرازیل دەهەژێنێت.. دایكێك كوڕەكەی خۆی خنكاند

هەمەڕەنگ

09/07/2020‌ 1052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دایك هەموو كات خۆی دەكاتە‌ قوربانی ڕۆڵەكانی، بەڵام دایكێك ئەم یاسایە دەشكێنێت و منداڵەكەی دەخنكێنێت، چونكە منداڵەكەی زۆر یاری دەكرد، ئەم تاوانەش سەرتاسەری بەڕازیلی هەژاند.

لەژمارەی رۆژی چوار شەممە،‌ لە وردەكاری ئەو ڕووداوەدا، ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی  نووسیویەتی: دەسەڵاتدارانی دادوەری تۆمەتی كوشتنی منداڵە 11 ساڵانەكەیان ئاراستەی دایكەكە كردووە.

پۆلیس ئەوەی ڕوونكردووەتەوە،‌ كە دایكەكە بە تەنافی جلهەڵواسین منداڵەكەی خۆی خنكاندووە، چونكە منداڵەكە ڕۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر یاری ڤیدیۆیی لەسەر موبایلە زیرەكەكەی دایكی كردووە.

دایكەكە بۆ  بەهەڵەدابردنی دەسەڵاتدارانی دادگا وتی: بە هۆی ڕەفتار و هەڵسوكەوتە نالەبارەكانی كوڕەكەیەوە، لەگەڵی تووشی دەمەقاڵێ و دم بە دمە بووە، دواتر منداڵەكەی لە ماڵ ڕایكردووە، ئەمەش وای لە پۆلیس كرد لە دارستانەكانی دەوروبەری ماڵی ژنەكە لە ویلایەتی (ڕیۆ گراندی دو سول)ی باشووری بەڕازیل بە شێوەیەكی بەرفراوان بە دوای كوڕەكەدا بگەڕێن.

كاتێكیش پۆلس منداڵەكەیان نەدۆزییەوە، (ئەلیكساندرا دوجوكنسكی) بەتەواوی لە ڕووی دەروونییەوە هەرەسیهێنا و دانی بەوەدانا، كە ئەو كوڕەكەی خۆی بە تەنافێكی جلهەڵواسین خنكاندووە، ئەگەر تاوانەكەشی بەسەردا بسەپێت،  دایكەكە ڕووبەڕووی چەندەها ساڵ زیندان دەبێتەوە.

ڕاپۆرتە میدیاییە خۆجێییەكان دەڵێن:‌ دایكە تەمەن 33 ساڵەكە لەبەردەم لێكۆڵەرەوەكاندا هەرەسیهێناوە و وتویەتی: چی دیكە ناتوانم لەگەڵ درۆدا‌ بژیم.

دایكەكە وتیشی: پێویستی بەوەیە لەو بارگرانییە دەروونییە دەربازی بێت، كە ویژدانی ئازار دەدات.

لە كۆتایدا و لە دوای 10 ڕۆژ لە ونبوونی كوڕەكەی، دایكەكە شوێنی شاردنەوەی تەرمی كوڕەكەی بە‌پۆلیسەكان وت، كە لە گەراجی یەكێك لە ماڵە دراوسێكانیدا شاردبووەوە.

سەرچاوە: سكای نیوز
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی