وردەكاری دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لەعێراق ‌و هەرێم

کوردستان

11/07/2020‌ 1898 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی عێراقی بریاریدا گەشتە ئاسمانییەكانی ئاسایبكاتەوە بەمەرج، كە سەرچاوەیەك لەدەستەی فرۆكەوانی مەدەنی عێراقی رایگەیاند،  لە ١٥ی ئەم مانگەوە گەشتەكان ئاسایدەبێتەوە بەسێ قۆناغ، كە قۆناغی یەكەم گەشتە ناو خۆییەكانە و پاشان گەشتی دەرەوەش بەدوو قۆناغ، كە بەپێی رێكارە تەندروستییەكان بەرێوەدەچێت  .

لەنووسراوێكی ئەەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە واژووی حەمید  ئەلغەزی ئەمینداری بەسەرەوەیە تەنیا ئاماژە بە رێكارەكانی خۆپارێزی كراوە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی، كە گەشت دەكەن و دواتر دەگەرێنەوە یان ئەوانەی بەگەشت دەگەرێنەوە.

هەر بەپێی نووسراوەكە، ھەریەك لەبریاری ژمارە ٣٨ و ٤١ و ٥٩  ی مانگی ٥ ی ساڵی ٢٠٢٠ ی ھەڵوەشێندرانەوە، ھەروەك لەناوەرۆكی بڕیارەكەدا ھاتووە، كە ھەر ھاووڵاتییەك دەگەرێتەوە بۆ عێراق دەبێت بەڵێنامەی پێ پربكرێتەوە ،كە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ خۆی كەرەنتینە بكات لەماڵەوەو لە ئەگەری دەرنەكەوتنی ڤایرۆسەكە لەو پشكنینە فەوریانە، كە بڕیارە لە فرۆكە خانەو دەروازەكان دابنرێت .

هەروەها لەئەگەر دەركەوتنی ڤایرۆسەكەش  دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەری.

لەسەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەعێراق‌و هەرێم لەمانگی دووی رابردووەوە، كەشتە ئاسمانییەكانی ناوخۆو دەرەوە راگیراوە، ئەوەش بۆ رێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

بەدوا داچوون: كەوگەز رەحمان