دژەتیرۆری سلێمانی بەشداری ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق" دەكات

کوردستان

11/07/2020‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردن و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە چوار میحوەری سنووری پارێزگای دیالە دەستیپێكرد، كە هێزەكانی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی تێیدا بەشداری دەكەن.

لەو بارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بەئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، مستەفا كازمی و بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بەیانی ئەمڕۆ شەممە (قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق) بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە دەستی پێ كرد.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە، ئۆپەراسیۆنەكە لە چوار میحوەرە دەستی پێكراوە، كە هەریەك لە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە، سەڵاحەددین، سامەڕا، دوو لیوای كۆماندۆی سەربە هێزەكانی سنوور، هێزەكانی دژە تیرۆر، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال، حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزەكانی فەرجی دژە تیرۆری سلێمانی تێیدا بەشدارن.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، پشتیوانی لەلایەن فڕۆكەكانی سوپا و هێزی ئاسمانی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینكراوە.

باس لەوەشكراوە، كە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی رووبەری 17هەزار و 685 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە، راوەدوونای تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پتەوتر بێت.

لا خۆیەوە وتەبێژی حەشدی شەعبی میحوەڕی باشووری عێراق، جەودەت عەساف بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكە، ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ئامانج لێی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە.

لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەحەلاددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە خاپووركران.

هـ ـ ح