وەزیرێكی پێشووی ئیتالیا رەخنە لەسەركردەكانی ئەوروپا دەگرێت

لە میدیاکانەوە

18/07/2020‌ 610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فرانكۆ فراتینی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیتالیا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوز عەرەبییە"دا وتی: ئەوروپا لەئێستادا سەركردەیەكی بەهێزی ئەوتۆی نییە بەڕووی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیادا بوەستێتەوە و سنوورێكی بۆ دابنێن.

فراتینی لەبەشێكی قسەكانیدا باسی لەوە كردووە، كە بەو پێیەی چەند ساڵێك پێشتر یاریدەدەری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا بووە، بۆیە ئاگاداری دۆخی ناوچەكەیە و دەتوانێت بڵێت ئەوروپا هیچ سەركردەیەكی بەهێزی نییە، كە توانای ئەوەی هەبێت بەڕووی سەرۆكی توركیادا بوەستێتەوە و پێی بڵێت واز لەو كارانە بێنێت، كە لەرۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست و لە پرسی شەڕو ئاڵۆزییەكانی لیبیادا دەیانكات.
 
سەبارەت بە بابەتی لیبیاش، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیتالیا داوای لە فایز سەرراجی سەرۆكی حكومەتی ویفاق كردووە هێرشە سەربازییەكانیان رابگرن و بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێنەوە، تا بگەنە چارەسەرێك بۆ ئاگربەست لەو وڵاتەدا .

بەقسەی فراتینی دەبێت گۆڕانكاری بەسەر هەڵویستی ئیتالیادا بێت، بۆ ئەوەش داوای كردووە دی مایۆی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، كە سەردانی ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات، سەرەتا بەشێوەیەكی باش هەماهەنگی لەگەڵ میسر و وڵاتانی كەنداو و روسیا بكات، تا سەرراج ناچار بكەن هێرشە سەربازییەكانی رابگرێت و بۆسەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێتەوە.

لەئێستادا توركیا بێگوێدانە سنوور و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، لە ئاوە هەرێمایەتییەكانی قوبرسی یۆنانی، بەدوای گاز و نەوتدا دەگەرێت و هەموو ئەو بانگەوازانەش پشتگوێ دەخات، كە داوا دەكەن ئەنقەرە واز لە بێزاركردن و بەزاندنی سنووری وڵاتانی ناوچەكە بێنێت، هەروەك لەلیبیاش بەئاشكرا بێ حسابكردن بۆ بڕیارەكانی نەوتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەدەغەكردنی ناردنی چەك بۆ لایەنە بەشەڕهاتووەكانی لیبیا، خەریكی ناردنی چەك و بەكرێگیراوانە بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی فایز سەراج.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی