هواوی پێش سامسۆنگ دەكەوێتەوەو دەبێتە بە پڕفرۆشترین مۆبایل لە جیهاندا

هەمەڕەنگ

01/08/2020‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راگەیاندنێكی "گرووپی كانالیس" بۆ توێژینەوەكان لە كەرتی تەكنەلۆژیا، كۆمپانیای هواوی چینی لە وەرزی دووەمی ئەمساڵدا بووەتە پڕفرۆشترین كۆمپانیای بواری بەرهەمهێنەری مۆبایلی زیرەك و پێش كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور كەوتووەتەوە.

كانالیس باسی لەوەش كردووە، هواوی لەگەڵ ئەوەی كەوتووەتە ژێر گەمارۆكانی ئەمەریكا، بەڵام بە فرۆشتنی ٥٥،٨ ملیۆن مۆبایل، بۆیەكەمجار پێش كۆمپانیای سامسۆنگ كەوتووەتەوە، كە ٥٣،٧ ملیۆن مۆبایلی فرۆشتووە. 

هەروەها ڕوونیشیكردووەتەوە، كە سزاكانی ئەمەریكا كاریگەرییان هەبووە لەسەر فرۆشی هواوی لەدەرەوەی چین، بەڵام لەناوەوەی چین ئاستی فرۆشتنی بەرزبووەتەوە.

كانالیس راشیگەیاند، لەسەدا٧٠ی ئەو مۆبایلانەی لەئێستادا هواوی درووستیان دەكات لەناو چیندا دەفرۆشرێن، بەڵام ئەوانەی رەوانەی دەرەوە دەكرێن لەوەرزی دووەمی ئەمساڵدا بەتێكرای سێیەك كەمیان كردووە، كە شرۆڤەكارەكەی كانالیس هۆشداریداوە لەوەی زۆری فرۆشی مۆبایلەكانی هواوی لەناو چیندا بەس نییە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە لەپلەی یەكەمی پڕفرۆشترین كۆمپانیاكاننی بواری مۆبایلی زیرەكدا بمێنێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ بووژانەوەی ئابووری جیهانیدا.

هواوی بابەتێكی سەرەكی ناكۆكییە جیۆسیاسییەكانی نێوان پەككین و واشنتۆنە، كە ئەمەریكا رایگەیاندووە، كۆمپانیاكە هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر ئاسایشی تەكنەلۆژییان. 

هەروەك ئەمەریكا بەتۆمەتی فێڵكردن داوا دەكات مینگ وانتشۆ بەڕێوەبەری دارایی هواویان رادەست بكرێت، كە ئەمە كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان چین و كەنەداش، كە لەئێستادا وانشنتۆ خستوویەتە ژێر هێشتنەوەی زۆرەملێوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی