گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییە ئەمریكییەكەو رۆژئاوای كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

کوردستان

01/08/2020‌ 1177 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیایەكی نەوتیی ئەمەریكی ڕێكەوتنێكی هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات نۆژەن بكاتەوە . 

لەو بارەوە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەمیانی شایەتیدانی لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بۆیەكەمجار كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمەریكی لەناوچەكەدا كاردەكات و كێڵگە نەوتییەكان نۆژەن دەكاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی لەوە كردووە، كە گرێبەستەكە پێویستی بە ماوەیەكی دورودرێژی دانوستان بووە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە لە ئێستادا ڕێكەوتنەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەروەك، لیندی گراهامی سیناتۆری دیاری ئەمەریكی رایگەیاندووە، قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە و پێیراگەیاندووە، كۆمپانیایەكی ئەمەریكی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا نوێدەكاتەوە .

سەبارەت بەو پرسە، هیچ كام لە سینەم محەمەد نوێنەری هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئەمەریكا و بەڕێوەبەرایەتی نەوتی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئامادە نەبوون لەئێستادا روونكردنەوە بدەن، یان روونی بكەنەوە كام كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییە لەناوچەكە كار دەكات یان هیچ كۆمپانیایەكی تر هەیە، كە لە سزاكانی ئەمەریكا بۆسەر سوریا بەخشرابێت.

هەرچی نووسینگەی چاودێری دراوە بیانییەكانی سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هیچ سەرنجێكی لەسەر مۆڵەتپێدانەكە نەداوەو رایگەیاندووە، دەبێت پارێزگاری لە نهێنییە بازرگانییەكان بكرێت .

بەگوێرەی قسەی مەعاز مستەفا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری هێزی ئەركە فریاگوزارییەكانی سوریا، كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا كاری كردووە، گراهام و درووستكەرانی بڕیار لە ئەمەریكا هەوڵیانداوە لەڕێگای نەوتەوە بروا بەدۆناڵد ترامپ بهێنن بوونی سەربازیی ئەمەریكا، كە ناوچە كوردییەكان بەردەوامی پێبدات.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی