دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رێژەی گەشتیاری بەسفر راگەیاندووە

کوردستان

04/08/2020‌ 1139 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیاری شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چوونەتە سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار قسەی لەسەر ناكات و پارێزگاری سلێمانی-یش دەڵێت: بە رێكاری تەندروستی هاتوون.

بەگوێرەی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی تایبەت بە رووبەرووبوونەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان هاتنە ناوەوەی گەشتیار بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای گەیشتنی ڤایرۆسەكەوە، قەدەغە كراوە.

بەڵام چەند رۆژێكە ژمارەیەكی زۆر لەگەشتیاران لەباشووری عێراقەوە روویان لەهەرێم كردووە، بەتایبەتی بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەمە سەرەڕای قەدەغەی هاتنی گەشتیار.

نادر روستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەو بارەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیانێكی گەورە بە كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گەیشتووە و رێژەی هاتنی گەشتیار یەكسان بووە بە سفر.

نادر روستی دەربارەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی قورباندا وتیشی: بەپێی رێكارەكان گەشتیار نەهاتووە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، هاتوچۆی نێوان شارەكانیش نییە، ئەوەی هەیە جوڵەی هاووڵاتییانە لەچوارچێوەی یەك پارێزگا، كە سەردانی هاوینەهەوارەكانیان كردووە، كە ئەوەیش هیچ كاتێك بە گەشتیار هەژمارمان نەكردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، هۆتێل و مۆتێلەكانی سلێمانی لە جەژندا بەتەواوی پڕبوونەوە لە گەشتیارانی عەرەبی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە بەپێی زانیارییەكان، نزیكەی 50 هەزار گەشتیار تەنیا روویان لە سلێمانی كردووە.

دەربارەی ئەمە وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان وتی: زانیاریم نییە لەسەر ئەوە، دەتوانن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی-یەوە بكەن بزانن ئەوانە لە كوێوە هاتوون، ئەوەندەی من بزانم هەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستانن و لێرە و لەوێ دەچنە جێیەكی دیكە، نەمزانیوە گەشتیار لە دەرەوە هاتبێت، من پەیوەندیم بە گەشتوگوزاری سلێمانی-یەوە كرد هیچ زانیارییان نەبوو لەسەری.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەنین قسە لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگاكەیان بكەن‌و بەپێی زانیارییەكانیش هاتنی ئەو لێشاوە گەشتیارە كێشەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەكە و پارێزگاری سلێمانی-دا دروست كردووە، چونكە بەرلە هاتنیان رێكاری هاتنە ناوەوەیان نەسپێردراوە بە گەشتوگوزار و ئێستاش ئەوان نایانەوێت بچنە ژێرباری هاتنی ئەو گەشتیارانەوە و لە ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا بەرپرسیارێتییەكەی هەڵ ناگرن.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار داوای كردووە ئەگەر گەشتیار دێت، بەڕێگای گرووپە گەشتیارییەكان بێن، بەڵام پارێزگا و لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی رەتیان كردووەتەوە رێگە بە هاتنی گەشتیار بدرێت.

لەو بارەشەوە پارێزگاری سلێمانی، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر بە ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: هیچ شتێك نییە قسەی لەسەر بكەین، ئەوەی هاتبێت بەڕێنمایی تەندروستی هاتووە و بەهۆی جەژنەوە هاتوون و تەواو بوو، ئەمڕۆ جەژن تەواو بوو.

ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان ریكۆردێكی نوێی تۆمار كرد لە بواری گەشتیاریدا، بەهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتنە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە زیاتر لەسەدا 85یان گەشتیاری شارەكانی عێراق و بەشەكەی دیكەشیان لە ئێران و وڵاتانی دیكەوە هاتنبوون، لەو رێژەیەش زیاتر لە 250 هەزاریان تەنها لە جەژنی قورباندا بووە.

بەپێی خەمڵاندنی گەشتیاری، ئەگەر هەر گەشتیارێك تەنیا 300 دۆلار خەرج بكات ئەوا ئەمساڵ هەرێمی كوردستان یەك ملیار و 110 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە تەنیا لە كەرتی گەشتوگوزاردا.

هـ ـ ح