رێككەوتنی‌ 50 ساڵەی‌ هەرێم‌و توركیا رێگری بەردەم هەولێرو بەغدایە

ڕاپۆرت

05/08/2020‌ 3548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكەوتنێك بۆ ماوەی‌ پەنجا ساڵ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و توركیای‌ پەیوەستكردووە بەیەكەوەو ئەو رێككەوتنەش بووەتە رێگر لەبەردەم هەولێرو بەغدا بگەنە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانیان.

كۆتایی ساڵی‌ 2013، كاتێك حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەسەرۆكایەتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ حكومەتێكی‌ كار بەڕێكەربوو، رێككەوتنێكی‌ لەگەڵ حكومەتی‌ توركیا واژووكرد، كە دواتر ناوبراو چەند بۆنەیەكی‌ جیاوازدا رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە چەند بوارێك دەگرێتەوەو بۆ ماوەی‌ پەنجا ساڵ لەنێوان هەولێرو ئەنقەرە واژووكراوە.

واژووكردنی‌ ئەو رێككەوتنە، نیگەرانییەكی‌ زۆری‌ حكومەتی‌ ئەوكاتی‌ عێراقی‌ بەدواوە هات، كە نوری‌ مالیكی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكرد، تا كار گەیشتە ئەو رادەیەی‌ مالیكی‌ رێكەوتنەكەو فرۆشتنی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كردە بیانوو بۆ ئەوەی‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ببڕێت، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە.

ئەوەی جێگەی پرسیارو سەرنجە لەو كاتەوە تائێستا حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆچ‌ ناوەڕۆكی‌ رێككەوتنەكەی بۆ دەزگا فەرمییەكان ئاشكرانەكردووەو هەر ئەوەشە بووەتە رێگر لەبەردەم حكومەتی هەرێم‌و عێراق كێشەی بودجەو نەوت چارەسەربكەن.

نێچیرڤان بارزانی‌ رۆژی‌ 13ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2013 لەمیانی‌ پێشكەشكردنی‌ وتارێك، رایگەیاند، رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی‌ توركیا واژووكردووە، كە چەند بوارێك دەگرێتەوە، ئەو رێككەوتنە بۆ ماوەی‌ 50 ساڵە، بەبێ‌ ئەوەی‌ ناوەڕۆكەكەی‌ ئاشكرابكات.

ئەوەی تائێستا روونبووەتەوە، ئەوەیە رێككەوتنەكەی‌ نێوان هەولێرو توركیا خۆی‌ لە 13 خاڵدا دەبینێتەوە، كە بوارەكانی‌ (پرۆسەی‌ ئاشتی‌ لەتوركیا)، هەروەها (هاوكاری‌ توركیا بۆ هەرێم)، (بواری‌ نەوت‌و وزە دەگرێتەوە).

هەروەها لەڕێككەوتنەكەدا بواری‌ پرۆسەی‌ ئاشتی‌ وا باسكراوە، كە دەبێت حكومەتی‌ هەرێم رۆڵی‌ ئەرینی‌ هەبێت لەپرۆسەیەدا هاوكاری‌ توركیاو پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان بكات بۆ لێكنزیكبوونەوە، كە ئێستا ئەو پرۆسەیە لەنێوان ئەو دوو لایەنە كۆتایی هاتووەو جارێكی تر شەڕ دەستیپێكردووەتەوە.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە لەبواری‌ هاوكاری‌ توركیا بۆ هەرێمیش، دەبێت حكومەتی‌ توركیا لەچەند بوارێكدا هاوكاری‌ هەرێم بكات، بەتایبەتی‌ ئەو كاتانەی‌ هەرێم رووبەڕووی‌ مەترسی‌ دەبێتەوە.

هەرچی‌ بواری‌ وزەیە، كە ئامانجی‌ سەرەكی‌ واژووكردنی‌ رێككەوتنەكەیە، لەرێككەوتنەكەدا ئەوە هاتووە، دەبێت توركیا هاوكاربێت لەگەیاندنی‌ نەوتی‌ هەرێم بەبەندەری‌ جەیهان، لەڕێگەی‌ بۆری‌و تانكەرەوە، هەروەها توركیا چەند عەنبارێك بۆ نەوتی‌ هەرێم دابینبكات، بۆ ئەوەی‌ نەوتەكەی‌ لەو رێگەیەوە بگەیەنرێت بەبازاڕەكانی‌ جیهان، هاوكات دەبێت هەرێم بەنرخێكی‌ گونجاو سووتەمەنی‌ بۆ ناوخۆی‌ توركیا دابینبكات، لەگەڵ چەند تەوەرێكی‌ تر.

ئێستاو دوای زیاتر لە حەوت ساڵ لەرێككەوتنەكە بەغداو هەولێر چارێكی تر روویان لەیەك كردووە، بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەو رێككەوتنە 50 ساڵییە بووەتە رێگرێكی گەورە لەبەردەم هەردوولا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا دراوە بەشارپرێس، رێككەوتنەكە كۆمەڵێك پابەندی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، كە ئێستا ناتوانێت دەستبەرداری پابەندییەكانی ببێت، چونكە توركیا رازی نییە لەپاشگەزبوونەوەی هەولێر لەرێككەوتنەكە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنی عێراقیش ئامادەنییە بە جێبەجێكردنی پابەندییەكان لەگەڵ هەرێم رێككەوتن بكات، چونكە بەغدا پێیوایە بە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی رێككەوتنە 50 ساڵییەكە زیانێكی زۆر دەكات.

لەچوارچێوەی‌ رێككەوتنەكەدا ئەوە جێگەكراوەتەوە، كە دەبێت ئەنقەرە لەبەرانبەر بەغدا پشتگیری‌ هەولێر بكات، ئەوەش بۆ ئەو ناكۆكییانەی‌ لەنێوان حكومەتی‌ ناوەندو حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان هەیە.

بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئێستا توركیا نە ئامادەیە پشتگیری هەرێمی كوردستان بكات، نە ئامادەشە رێگە بەهەولێر بدات لەرێككەوتنەكە پاشگەزبێتەوەو لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا، كە شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هەولێرو بەغدا دەیانەوێت لەسەر میكانیزمێكی نوێ‌ رێكبكەون، بۆ ئەوەی هەرێم هەم بتوانێت لەگەڵ عێراق رێككەوتن لەبواری نەوت‌و بودجەدا بكات، هەم پابەندی رێككەوتنەكەی بێت لەگەڵ توركیا.
  
بیرۆكەی‌ سەرهەڵدانی‌ ئەنجامدانی‌ ئەو رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ ئەوكاتی حكومەتی هەرێم دوای‌ ئەوەی‌ نەیتوانی‌ لەگەڵ نوری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق بگاتە رێككەوتن لەبارەی‌ پرسی‌ هەناردەكردنی‌ نەوت لەڕێگەی‌ عێراقەوە، بڕیاریدا نەوت راستەوخۆ هەناردە بكات‌و لەبازاڕەكان بیفرۆشێت.

بەپێی‌ دەستووری‌ عێراق، هەرێمەكان دەتوانن نوێنەرایەتی‌ لەوڵاتانی‌ جیهان بكەنەوەو لەڕێگەی‌ ئەو نوێنەرایەتیانەشەوە دەتوانن پەیوەندی‌ لەچەند بوارێك دروستبكەن، بەتایبەتی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و كەلتوری‌، بەبێ‌ ئەوەی‌ بگەڕێنەوە بۆ حكومەتی‌ ناوەند.

لەبواری‌ نەوتدا رێككەوتنەكەی‌ هەرێم لەگەڵ توركیا لەگەڵ كۆمپانیای‌ دۆكتاشی‌ توركی‌ واژووكراوە، كە ئەركی‌ ئەو كۆمپانیایە سەرپەرشتیكردنی‌ هەناردەكردنی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە لەكێڵگە نەوتییەكانەوە بۆ بەندەری‌ جەیهان لەسەر دەریای‌ ناوەڕاست‌و عەنباركردنی‌، كە تائێستا دیار نییە بەشی‌ ئەو كۆمپانیایە لەو كارە چەندە.

پەرلەمانتارانی‌ هەرێم باس لەوە دەكەن، كە ناوەڕۆكی‌ ئەو رێككەوتنە تەنیا لەنێوان چەند كەسێكدا زانراوە، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری‌ توركیاو ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی‌ ئەوكاتی توركیاو تانەر یەڵدز وەزیری‌ وزەی‌ ئەوكاتی توركیاو نێچیرڤان بارزانی‌‌و ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سورشتییەكانی‌ ئەوكاتی هەرێم.