گۆڕان سەرنجی لەسەر كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق هەیە

کوردستان

05/08/2020‌ 1290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە ئەو كاتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق بۆ بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستنیشانیكردووە لەرووی كەشوهەواوە لەبار نییە و ئەوە جگە لەوەی بەشێكی زۆری ئەو رەگەزە پێویستانەی تێدا نییە، كە دەبنە هۆی سەرخستنی پرۆسەكە.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەلێدوانێكدا بە ئاژانسی شەفەق نیوز راگەیاندووە، ئەوان وەك گۆڕان پشتگیری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام پرۆسەكە چەند كەموكوڕییەكی هەیە وەك تەواونەبوونی یاسای هەڵبژاردنەكان‌و ناڕوونی چۆنێتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن‌و تەواونەبوونی پێكهێنانی نووسینگەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و زاڵبوونی رەهای دەسەڵاتی حیزب بەسەر نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكاندا .

غالب محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە یاسای داداگای فیدراڵی، كە بەپێی ماددە ٣ی فەرمانی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی لەئەستۆدایە هێشتا پەكی كەوتووە، هەروەك داواشی كردووە، لەجیاتی ژماردنی ئەلیكترۆنی پشت بە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بكرێت، بەهۆی ئەوەی لەهەڵبژاردنی رابردوودا بەهۆیەوە یارییەكی زۆر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كرا، ئەوە جگە لەوەی داوای كردووە كاتی هەڵبژاردنەكان بخرێتە وەرزی بەهار یان پایزەوە، بەوپێیەی لەمانگی حوزەیراندا كەشوهەوا زۆر گەرمە.

رۆژی هەینی رابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق رایگەیاند، لە ٦ ی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بەڕیوە دەچێت، بەڵێنیشیدا كە چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەستەبەر بكات.