تەقینەوەكەی بەیروت شادەماری ئابووری لوبنانی لەكارخستووە

ئابوری

08/08/2020‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاتێكدا وڵاتی لوبنان رووبەڕووی چەند قەیرانێكی قووڵ بووەتەوە، بەندەری بەیروت، كە شادەماری ئەو وڵاتە و گرنگترین ناوەندی هاوردەكردنی خۆراك و پێویستییەكانی ژیان بوو، خاپوور بووە.

بەندەری بەیروت، كە بە شادەماری ئابووری لوبنان و گرنگترین ناوەندی هاوردەكردنی خۆراك و پێویستییەكانی ژیان هەژمار دەكرا، رۆژی چواری ئەم مانگە لەڕێی دوو هەزار و ٧٥٠ تەن ئامۆنیومی نیتراتەوە تەقێندرایەوە و بووە وێرانە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە ئێستادا تیمە فریاگوزارییەكان لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی ژێر بینا داڕوخاوەكان و چەندین تیمی دیكەش سەرقاڵی لابردنی داروپەردووەكانن.

وێرانكارییەكە ئەوەندە گەورە بووە، كە تەنانەت كۆكردنەوەی پاشماوەی بینا داڕوخاوەكانیش كاتێكی زۆری دەوێت، ئەو داروپەردوەی دەبینرێن بەڵگەن لەسەر گەورەیی كارەساتەكە.

ئەم تەقینەوەیە هاوكات بوو لەگەڵ قەیرانێكی ئابووری و سیاسی قووڵ، كە بەرۆكی لوبنانی گرتووەتەوە.

ئەو بینایانەشی نزیك بەندەرەكە بوون زۆرترین زیانیان بەركەوتووە و لە ئێستادا بە هاوكاری كەسانی خۆبەخش هەوڵی پاككردنەوەی داروپەردووەكانیان دەدرێت.

پێشتر وەزیری تەندروستی لوبنان حەمەد حەسەن رایگەیاندبوو، بەهۆی تەقینەوەكەوە ١٥٤ كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی پێنج هەزار كەسیش بریندار بوون.

هەروەها پارێزگاری بەیروت، مەڕوان عەبود ئاشكرایكردبوو زیانە مادییەكانی تەقینەوەكە زیاتر لە ١٠-١٥ ملیار دۆلار دەبێت.

هـ ـ ح

بەپەلە