شرپرێس:
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران رایگەیاند، دراوێكی كاگەزی نوێ بە بەهای ١٠٠ هەزار تمەن دەردەكەن، كە چاودێران پێشبینی لابردنی چوار سفەرەكەی سەر دراوی ئێرانی دەكەن، بەڵام هیممەتی رایگەیاندووە، رەنگی چوار سفرەكەی سەر دراوە كاغەزییە نوێكە كاڵ كراوەتەوە نەك لابرابێت، كە پێشتریش دراوی كاغەزی ٥٠ هەزار تمەنی چاپ كراوە و تێیدا رەنگی چوار سفرەكە كاڵ كراوەتەوە.
وەك زانراوە پرۆژەی لابردنی چوار سفری سەر دراوی نیشتمانی ئێرانی ماوەیەك زۆر بەگەرموگوڕی باسی لێوەدەكرا، بەڵام هێشتا نەكراوەتە یاسا.
پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی ئێران، لە رۆژەكانی كۆتایی ماوەی پەڕلەمانتاریان رەزامەندیان لەسەر "پرۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای نەختینەیی و بانكیی لەوڵات"دا، كە بەپێی ئەوە لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دراوی نیشتمانی ئێرانی لە ریاڵەوە دەبێت بە تمەن و چوارسفرەكانی سەری لادەبرێن.
لەبەرانبەردا ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور رایگەیاند، بڕیارەكەی پەرلەمانی ئێران ناروونە، هەروەك پەرلەمانی نوێش هێشتا هیچ بڕیاریكی سەبارەت بەو بابەتە نەداوە .
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی