ئەردۆغان هیزێكی سەربازی تایبەت بەخۆی دروست دەكات

جیهان

12/08/2020‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد نەسین رۆژنامەنووسی بەرهەڵستكاری توركی ئاشكرایكرد، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، فەرمانی بە فەریق زەكائی ئەكساكالی فەرماندەی سوپای دووەمی توركیا كردووە، كە لەمانگی رابردوو خانەنشین كرا، بەوەی كار لەسەر دروستكردنی هێزێكی تایبەت بكات و خۆشی فەرماندەی ئەو هێزە بێت .

نەسین بابەتێكی لە رۆژنامەی "ئەرتی جرچك" ، لەژێر ناونیشانی "ئایا زەكائی ئەكساكالی بۆ سوپای ئەردۆغان بەرزكراوەتەوە؟"، بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە خانەنشینكردنی ٦٠٠ ئەفسەر بە پلەی عەقید لەناو سوپای توركیا زۆر مەترسیدارە و پەیوەندی هەیە بە دروستكردنی ئەو هێزەی ئەكساكالی بۆ ئەردۆغانی دروست دەكات.

هەروەها ڕوونیشیكردووەتەوە، كە تائێستا نازانرێت، ژمارەی ئەو كەسانە چەند دەبێت دەخرێنە ناو ئەو هێزە نوێیەی ئەردۆغان نیازی دروستكردنی هەیە.

نەسین دەشڵێت: داوا لە ئەكساكالی كراوە، كە یەكەیەكی هێزە تایبەتەكان دروست بكات و خۆشی فەرماندەی ئەو هێزە بێت، هێشتا زانیاری لەسەر ژمارەی ئەو هێزە لەبەردەستدا نییەو تائێستا روون نییە، كە ئایا ئەو هێزە سەر بە كۆمپانیایەكی عەدنان تانەریڤەردی یەكێك لە راوێژكارەكانی ئەردۆغان دەبێت كە ناسراوە بە (سادات)، یان ئەردۆغان دەیەوێت هێزێكی چەكداری جیا لە سوپای توركیا دابمەزرێنێت.

هەروەك دەڵێت: دروستكردنی ئەو یەكەیە پێویستی بەوەیە ئەكساكالی ئەفسەر و فەرماندەی بۆ دابین بكات، ئەدی ئەوانە لەكوێوە دەهێنێت؟ بەڵام هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، بۆیەكەمجار لەمێژووی توركیادا لەیەك كاتدا ٦٠٠ عەقید خانەنشین دەكرێن، ئایا ئەردۆغان دەیەوێت جیا لە سوپای توركیا سوپایەكی تر دروست بكات؟ ئایا ئەو یەكە نوێیە لە بەكرێگیراوانی سەر بە سادات دەبێت، یان سوپایەك بۆ ئەردۆغان دروست دەكرێت و پەیوەندی بە سوپای توركیاوە نابێت؟

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی