هەولێر پێش دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەڕێگای نوێنەرەكەیەوە پەیامێك بۆ بەغدا دەنێرێت

کوردستان

13/08/2020‌ 1704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگای نوێنەرایەتییەكەی لەبەغدا جارێكی تر هەڵوێستی خۆی دووپاتكردووەتەوە بەوەی ئامادەیە سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ حكووەتی ناوەندی چارەسەر بكات.

بەگوێرەی بەیاننامەیەك، كە لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەرچووە، فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ حەمید نەعیم ئەلغەزی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوەزیرانی عێراق كۆبووەتەوە و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كردووە.

لەبەشێكی تری بەیەننامەكەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەش كردووەتەوە و لەدیدارەكەدا نوێنەری حكومەتی هەرێم جارێكی تر هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی دووپاتكردووەتەوە بەوەی ئامادەیە سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی چارەسەر بكات .

بەیاننامەكە لەنوێنەریەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە، كە وتویەتی نابێت موچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵ بە كێشە و ململانی سیاسییەكان بكرێت و دەبێت حكومەتی ناوەندی ئەو بابەتە چارەسەر بكات.

سەبارەت بە ناكۆكی و پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، فارس عیسا رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بكەن .

وابڕیارە بەمنزیكانە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی تایبەت دۆسیەی نەوت‌و موچە و پشكی هەرێم لە بوجەی گشتی فیدراڵی،  سەردانی بەغدا بكاتەوە .

وەرگێران : ئاكۆ ئاڵی