پارتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە چەند مەرجێكی هەیە

کوردستان

10/09/2020‌ 2294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ڕێبین سەلام مامۆستای زانكۆ و كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كورستان دەڵێت: پێش رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت چەند مەرجێك بوونیان هەبێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پارتی دژی خواستی گەلی عێراق و خۆپیشاندەران نابێت، كە داوای سیستەمی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن.

سەلام لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەگەر بڕیار لەسەر سیستەمی فرەبازنەیی پارێزگاكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش بدرێت ئەوە ئێمە بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن ناكەین، بەڵام پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان داوای جێبەجێكردنی چەند مەرجێك دەكەین.

سەلام باسی لەوەش كردووە، كە لەو بابەتانەی بەلای پارتییەوە مەرجن وەك چارەسەركردنی ئیشكالیاتە هونەرییەكان لە بابەتی بەیەكداچوونی ناوچە و قەزاكان و بەڕێوەبردنی سەرژمێری دانیشتووان و یەكلاییكردنەوەی پرسە ئەمنی و ئیدارەییەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكاندا.

ڕوونیشیكردووەتەوە، كە دەبێت بڕگەیەكی تایبەت بە ناوچەكێشەلەسەرەكان هەبێت، بەو پێیەی ناوچەیە بەیەكداچوون و دۆخێكی هەستیاریان هەیە و پێویستە لەیاسای هەڵبژاردندا ڕەچاویان بكرێت، ئەگەرنا ئەنجامەكانی كارەساتبار دەبن و رەنگدانەوەی دۆخی ناوچەكە نابێت بەتایبەت لە كەركوكدا.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی