هێشتا پرسی فرەبازنەیی پارێزگاكان یەكلایینەبووەتەوە

عیراق

10/09/2020‌ 1323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلیم هەمزە شووشكەیی ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:  هێشتا كوتلە سیاسییەكان لەبارەی سیستەمی فرەبازنەیی پارێزگاكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.

شووشكەیی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: تائێستا كوتلە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ بابەتی سیستەمی فرەبازنەیی لەهەڵبژاردنەكاندا، ڕوونیشیكردووەتەوە محەمەد حەلبوسی لەنێوان سەرۆك كوتلەكاندا لەهاتووچۆدایە تا بیانگەیەنێتە چارەسەرێكی مامناوەند.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی باسی لەوەش كردووە، كە سیستەمی فرەبازنەیی زۆر ئاڵۆزە، ئەویش بەهۆی بوونی ناوچە كێشەلەسەرەكان، كە دابەشكردنیان قورسە، ئەوە جگە لە بوونی گرفتی یاسای دادگای فیدراڵی، كە تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كوتلە كوردییەكان لەگەڵ سیستەمی فرەبازنەییدا نین.

چەند رۆژێك پێشتر قاتیع ریكابی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رایگەیاندبوو، ڕێكەوتنێكی پێشوختەی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و پەرلەمان و حكومەتی عێراق هەیە بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا پەیرەوی لەسیستەمی فرەبازنەیی پارێزگاكان بكرێت، هەروەك جەختیشی كردووەوە، هەر پارێزگایەكی عێراقی دەكرێت بە سێ بازنەی هەڵبژاردن یان زیاترەوە.

هەروەك شێروان دووبەردانی پەڕلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكردووە، كە زۆرینەی پەڕلەمانتاران لەڕێگای واتساپەوە نامەی هەڕەشەیان بەدەست گەیشتووە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە، كە دەبێت لەبەرژەوەندی سسیتەمی فرەبازنەیی دەنگ بدەن .

دووبەردانی ئاژامەی بۆ ئەوەش كردووە، كە چەند لایەنێكی سیاسیی هەن لەپێناو سەپاندنی سیستەمی فرەنازنەیی لەهەڵبژاردنەكاندا پەنا بۆ گوشاركردن دەبن، روونیشیكردووەتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی 

بەپەلە