بۆچی نابێت 6 کاتژمێر زیاتر بەسەریەکەوە ئامێرە زیرەکەکان بەکاربهێنین

هەمەڕەنگ

12/09/2020‌ 500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە کۆمپانیای "یونیلیڤەر" ئەنجامیداوە ، ئاشکرای کردووە کە دانیشتن و کارکردن لەبەرانبەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان بۆماوەی شەش کامتژمێر زیاتر ، مرۆڤ رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە .

لێکۆڵینەوەکە تێبینی کردووە کە زۆرینەی خەڵک رۆژانە شەش کاتژمێر زیاتر کاتەکانیان لەبەردەم شاشەی ئامێرە زیرەکەکان بەسەر دەبەن کە تیشکی شینیان لێوە دەردەچێت .

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بەرکەوتنی تیشکی شینی دەرچوو لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر پێسیتی مرۆڤ ، لێکۆڵینەوەکە تێبینی کردووە کە ئەو تیشکە دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختە ، بەشێوەیەک ئەگەر کەسێک بۆماوەی پێنج رۆژ و رۆژی لانیکەم شەش کاتژمێر بەرکەوتنی ئەو تیشکە هەبێت ، ئەوە هەمان کاریگەری ئەوەی هەیە کە بۆماوەی ٢٥ خولەک بێ دژە خۆر لەبەر تیشکی خۆر بوەستیت.

پسپۆران رێنماییان کردووە لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو کاریگەریانە لەسەر پێست ، ئەوە پێویستە لەکاتی کارکردن لەبەردەم شاشەی ئامێرە زیرەکەکان ، ناوبەناو پشوو وەربگیرێت و کرێمی پێست بەکاربهێنرێت کە ماددەی دژە ئۆکسێنی تێدابێت .

جگە لەوەی تیمی لێکۆڵینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو تیشکە ڕێگە لە بەرهەمهێنانی ماددەی میلاتۆنین دەگرێت و ئاستی هۆڕمۆنی دڵەڕاوکێ زیاد دەکات ، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی خەو و درووستبوونی ناڕێکی لە کاتژمێر بایۆلۆجی جەستە .

هەروەک  ئیما ویدگۆروس راوێژکاری نەخۆشییەکانی پێست لە دەستەی خزمەتگوازرییە تەندرووستییە نیشتیمانییەکانی بەریتانیا جەختی کردۆتەوە کە تیشکی شین لەڕێگای درووستکردنی "رەگە بەڕەڵاکان " زیان بە پێست دەگەیەنێت .

لێکۆڵینەوەکە هۆشداریداوە بەوەی رێژەی زیانپێگەیشتنمان پەیوەستە بە ئەو ماوەیەی لەبەرانبەر ئامێرە زیرەکەکان بەسەریدەبەیەن و زانینی ئەوەی ئەو ئامێرانە پەیوەندی راستەوخۆیان بە پێستمانەوە هەیە .
وەرگێڕان  : ئاکۆ ئاڵی