پێكدادانی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان

مەلەفی تایبەت

28/09/2020‌ 2010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

خالید ئەلغەڕابلی شرۆڤەكاری كەناڵی ئاسمانی فڕانس 24  لەلێكدانەوەیەكی سیاسیدا بۆ هەڵگیرسانی پێكدادانەكانی ئەمدواییەی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان، بەمشێوەیە باس لەڕووداوەكە دەكات:

جەنگەكە لەسەر (هەرێمی ناگۆڕنۆ كەرەباخ)ە  كە 30 ساڵە لەبندەستی ئەرمەنەكاندایەو ئازەرییەكانیش بەهی خۆیانی دەزانن. 

پێدەچێت ئازەربایجان جەنگەكەی هەڵگیرساندبێت، ئەوان دەڵێن پێشڕەویان كردوەو 6 گوندیان داگیركردووە، ئازەرییەكان  30 ساڵە نەیانتوانیوە ئەو هەرێمە بگێڕنەوە سەر خاكەكەیان، كەچی ئێستا لەناكاو پێشڕەویان كردووە، ئەمەش ئاماژەیە كە دەمێكە ئامادەسازییان بۆ ئەو جەنگە كردوەو پلانیان بۆ داناوە.

ڕوسیا داوای وەستانی شەڕ دەكات، چونكە پەیوەندی باشی لەگەڵ هەردوولادا هەیە بەتایبەتیش ئەرمینیا.

توركیا پشتوانی ئازەربایجان دەكات‌و داواكارە تا گێڕانەوەی هەرێمەكە (ناگۆڕنۆكەرەباخ) بۆ سەر ئازەربایجان جەنگەكە بەردەوامبێت.

لەكۆتایی مانگی یۆلیۆ ڕابردوو، مانۆڕێكی سەبازی لەنێوان توركیاو ئارزەبایجاندا بەرێوەچوو، لەوانەیە ئەو هێزو چەكانەی لەلایەن توركیاوە براون بۆ ئازەربایجان هەمووی نەگەڕێندرابانەوە توركیا، ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە لەپشتیوانی پێشوەختی توركیا بۆ ئازەرییەكان‌و هەڵگیرساندنی جەنگەكە.

دەگوترێت كە توركیا 4000 لەچەكدارە چەتە سورییەكانی گواستونەوە بۆ ئازەربایجان، ئەمەش ئاماژەیە توركیا گەرەكیەتی ململانێكانی لەگەڵ ڕوسیادا فراوانتر بكات، واتە شەڕەكە لەنێوان ڕوسیا- توركیادایە.

ئازەرییەكان توركیا بەنیشتیمانی دایك دەزانن‌و لەئاینیشدا هاوبەشن، پێشتریش لەسەردەمی عوسمانییەكاندا، ئازەری‌و توركەكان دژ بەڕوسیا شەڕیان كردووە.

پرسەكە رەهەندێكی ئابوریشی هەیە؛ توركیا دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر ڕێگەی بازرگانی شەمەندەفەرو بۆری نەوت‌و گاز كە لەباكۆوە لەئازەربایجانەوە درێژدەبێتەوەو بەناوچەی ناكۆكی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان (ناگۆرنۆ كەرەباغ) تێدەپەڕێت‌و لەوێشەوە بەرەو توركیاو ئینجا بەرەو دەریایی ناوەڕاست، بەو ئامانجەی خۆی ببێتە مەڵبەندی گواستنەوەی وزەو كەلوپەل.

توركیا گەرەكیەتی لەو ناوچەیە هەژموونی ئێران‌و ڕوسیا كەمبكاتەوەو كۆتایی پێبێنێت، هەژمونی خۆشی لەدەوڵەتانی ئەو ناوچەیەدا زیاتربكات.

ئامادەكردن‌و وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر

سەرچاوە: كەناڵی ئاسمانی فڕانس 24

بەپەلە