ئامێرێکی نوێی هیندی- ئیسرائیلی لەماوەی 30 چرکەدا ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئاشکرا دەکات

هەمەڕەنگ

12/10/2020‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی، ئیسرائیل و هیندستان هەوڵ دەدەن ئەو ئامێرە نوێیەی هەردوو وڵات بۆ ئاشکراکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پەرەیان پێداوە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بەردەست بێت.

ئامێرە نوێکە بەشێوەیەکە پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە دەکات و لەماوەی تەنیا ٣٠ چرکەدا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکات، هەروەک بەگوێرەی کۆمپانیای "نانوسنت"ی پەرەپیدەری ئامێرەکە، لە ئیسرائیل ئەنجامەکانی پشکنینەکە بەڕێژەی لەسەدا ٨٥ درووست دەرچوون .

هەروەک رۆن مالکای باڵیۆزی ئیسرائیل لە هیندستان بە ئاژانسی هەواڵی هیندی (بی تی ئای" رایگەیاندووە کە دوای دەربازکردنی سەرجەم تاقیکردنەوەکان لەسەری، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی چەند رۆژێکی تر ئامێری ئاشکراکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەست ببێت.

وتوشیەتی ئەو دەستکەوتە موژدەیەکی خۆش دەبێت بۆ هەموو جیهان، وڵاتی هیندستانیس بارەگای سەرەکی درووستکردنی ئامێرەکە دەبێت، کە ئەوەشی وەک راددەی بەرهەمی هەماهەنگی نێوان هیند و ئیسرائیل لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا لێکداوەتەوە.

لەمانگی تەمووزی رابردوو ئیسرائیل شاندێکی باڵای لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە بەرگرییەکان و پەرەپێدان رەوانەی هیندستان کرد بەمەبەستی پەرەپێدانی تاقیکردنەوەی خێرا لەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، ئەویش بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوتا هیندییەکانیان .

لای خۆشییەوە، ئۆرین گافریللی سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای درووستکەری ئامێرەکە دەڵێت "پشکنینی هەناسەدانی دەستکردی ئامێرەکەمان، جێگای پشکنینە تاقیگەییەکان ناگرێتەوە، بەڵام ڕێگایەکی پشکنینی باش دەبێت و ڕێگە بۆ خەڵک ئاسان دەکات بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و بەشێوەیەکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکەن ".

وەرگێران  : ئاکۆ ئاڵی