گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر
لە مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەدەوە بۆ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی

ڕاپۆرت

14/10/2020‌ 2460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەرانەوە بۆ خاڵى سفر
دوای زیاتر لەنیو سەدە لەململانێى خوێناوى نیوە شەرو نیوە ئاشتى و و پەیرەوکردنى مەزاجى سەرکردەکان بۆ شەرو ئاشتى، دۆخى نەشەر نەئاشى کرایە کراسى هەمیشەیى و کرایە بەر ئەم کۆمەڵگە چەند ملێۆنییەى ناوى هەرێمى کوردستانە.

لەم هەرێمەى کە هەموو شتێک گۆرداوە، ئینتمانى نیشتمانى و پەیوەندى کۆمەڵایەتى، دوژمنایەتى نێوان هەژارو دەوڵەمەند، کاڵ بوونەوەى ئایدلۆژیاو بروابوون بەشۆرش، هەموو شت تەنانەت پەیوەندى نێوان نوێژکەرو ئیمام، ئیمام و مزگەوت، باوک و کور، کورو باوک، کڕیار و فرۆشیا، بازارو حزب، حزب و خەڵک، بەڵام ئەوشتەى نەگۆراوە میراتى ئەو مێژووە سیاسییە کە لەسەردەمى شەستەکانەوە لەنێوان باڵى مەکتەب سیاسى بەسەرکردایەتى ئیبراهیم ئەحمەدو دواتر مام جەلال، لەگەڵ مەلامستەفاو دواتر نەوەکانى دروست بووە.

 ئەوەى نەگۆراوە ئەوەیە، ئەم دوو ئاراستەیە کە لەیەکچونیان زیاترە لەجیاوازیان، نە ئاشت دەبنەوە و نەشەری یەکلاکەرەوەش لەگەڵ یەک ئەکەن، هەروەک ئەوسا ساتێک لەیەک یاخى ئەبن و ساتێک دەبنەوە بەیەک و لەژێر کەپرێک پێکەوە دادەنیشن و لەسەر مەنجەڵێک پێکەوە ئەخۆن.

 ئەوەى کە لەم هەرێمە بوەتە رێژەى نەگۆرو برواى بەکاڵ بوونەوەو گۆرانکارى نییە، ئەوەیە، ئەم دوو ئاراستەیە، بەردەوامن و بەدەستێک تەوقە ئەکەن و بەدەستەکەى تر زلە لەیەکترى ئەدەن.

ئێستا نەوەى سێهەمى ئەم دوو ئاراستەیە، لەجلوبەرگى مۆدیرنەدا، بە تەکنیکى سەردەمیانە، شەرى دیرۆکى سەردەمێک ئەکەن، نەئەوسا ئەوانى پێ جوان بوون و نە ئێستاش خەڵک لێى سودمەند بووە.

 

ئێستا لەباشور جارێکى تر ئەوەى کەسەرمەشقى قافڵەى کوردایەتى و حوکمرانى کوردستان ئەکات، نەوەى دووەم و سێهەمى مەلامستەفاى بارزان و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە، مەسرو بارزانى وەک سەرۆکى حکومەت تەمسیلى پێگەى باوک و باپیرى دەکات لەشەستەکان تا ئێرە، قوباد تاڵەبانیش کە جێگریەتى بەهەمان شێوە تەمسیلى نوێنەرایەتى باوک و باپیرى ئەکات لە پۆستەکەى تا ئەم قۆناغە.

 ئەوەى لێرەدا تەنها شتێک کە گۆراوە، تەکنیکى ململانێکەیە نەک خودى ململانێیەتیەکە، ئەتەکێتى گفتوگۆکانە نەک خودى حیکایەتەکە، گۆرینى جلوبەرگەکانە، نەک فکرو بیرکردنەوەکان، هەربۆیە هەمان ئامانج و ئاراستە بە(لەبەرچاوگرتنى جیاوازى کات و سەردەم)  هەمان شتە و لەبەرگ و فۆرمێکى تردا دووبارە دەبنەوە وبەناوى حزبایەتیەوە دەرخواردى خەڵک دەدرێتەوە.
.
 قوناغى نوێ بەبیرکردنەوەى کۆنەوە..
ئێستا وەک سەردەمى شەستەکان، مەلامستەفا، ئیبراهیم ئەحمەدو هاوبیرەکانى ئاودیوى ئێران ناکات، لەدانیشتن و مەجلیسەکاندا راستەوخۆ وبەرەو روو سوکایەتیان پێناکات و جنیوبارانیان ناکات، لەبەرامبەریشدا ئیبراهیم ئەحمەدێک بوونى نییە بەرەو روو بە مەلامستەفا بلێت ستۆپ، ئەوەى هەیە نەوى سێهەمە، ئەم نەوەیە ئەتەکێتى رەخنەگرتن و ململانێکان ئەزانن، تواناى خوێندنەوەى هاوسەنگى هێزیشیان هەیە و کەواى شۆرشگیریتىان فرێداوە، لەژێر عەباى دیموکراتى وتەبایى و پێکەوە ژیاندا سیاسەت دەکەن.

 تەنها شتێک کەماوە بۆ راگرتنى دڵى جەماوەرەکەیان لەسۆسیال میدیاو هەندێک میدیاى کەسییەوە جنێوبارانى یەکتر ئەکەن، دەنا بەرەو روو بۆیەک پێدەکەن و پێکى سەرکەوتن و بەردەوامى حوکمرانی هەڵدەدەن.
 ئاخر ئەوکاتە سەردەمى شەستەکان مەلامستەفایەک بوونى هەبوو هەمووى بۆخۆى بەحەڵال دەزانى، لەبەرامبەریشدا ئیبراهیم ئەحمەدێکیش هەبوو داوایى شەراکەت و هاوبەشى دەکرد..ئەوەشى کە ئەوسا و ئێستاش پارتى برواى پێى نەبووەو نییە ئەو شەراکەت و هاوبەشییە نەگریسە بوو کە شەرى خۆبەخۆى بۆ نیوسەدە خۆشکرد.

ئێستا شوکرانە بۆخوا، نەنەوەى ئیبراهیم ئەحمەد داواى شەراکەت و هاوبەشى دەکەن، نە نەوەى مەلا مستەفاش دەیەوێت هەموو شتێک بۆخۆى بێت، بۆیە ئەو شەرە نەگریسە نەما، بەڵام وەک سەرۆکى حکومەت لەپەرلەمان وتی ، هێشتا ئاسەوارى دوو ئیدارەیى هەرماوە..

رەنگە ئەمەش نهێنى سەرکەوتنە یەک لەدوایەکەکانى پارتى و یەکێتى بێت لەهەڵبژاردنەکاندا، چونکە ئەوکاتەى مام جەلال پەنجەى پەشیمانى گەست بۆ ئەوەى کە لەگەڵ ماڵى بارزانى تێکیداوە، پێگەى جەماوەرى زیانى پێگەیشت، بۆیە هەرکەس لەم بەر بیەوێت پێگەى بەهێز بێت ئەبێت ریزێک هەڵوێستى توندو چەند پەرەگرافێک زبر بگرێتە ئەو بەردێگەڵە.

هەرکەسیش لەوبەر حەزى لەپۆست و ئافەرین و دەستکەوت هەبێت، ئەبێت سڵ نەکاتەوە لەتەخوینى ئەمبەرو پەلاماردان..هەموو ئەمانەش ئەبێت لەپاڵ ئەو مەسەلە کوردییە بەناوبانگەدا بێت کە ئەڵێت (هەموو شتێک بەخۆى خوێش بەمانا) نەبا جارێکى تر ریسەکە ببێتەوە بەخورى...