ئاژانسێكى ئه‌مریكى ڕاپۆرتێكى ورد له‌باره‌ى دۆخى دارایی‌و سیاسیی عێراقه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

ڕاپۆرت

17/10/2020‌ 872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسێكى ئه‌مریكى له‌ڕاپۆرتێكدا باسی لەلاوازیی‌و فشەڵی ئابوری عێراق کردوەو جەختیکردۆتەوە، قەیرانی ئابوری ئەو وڵاتە پێویستی بەچارەسەری خێرا و بەپەلە هەیە، نوسیویه‌تى:"پشکپشکێنەی سیاسیی ڕێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێک بەو ئاراستەیە بدرێت".

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی له‌ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، ئابوری عێراق کە هەرەسهێنانی نرخی نەوت‌و لێکەوتەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پیشانیدا ئابورییەکی لاوازەو قەیرانی دارایش لەو وڵاتە درێژخایەنە، بۆیە پێویستی بەچارەسەری خێراو دەستبەجێ هەیە، ڕونیشیکردۆتەوە، سیستەمی پشکپشکێنەی سیاسیی ڕێگرە لەهەر هەوڵێک بەو ئاڕاستەیه‌دا.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتی ئاژانسە ئەمریکییەکەدا هاتوە:"لەژێر سایەی قورسی پێشبینییەکان بەوەی نرخەکانی نەوت لەمەودایەکی نزیکدا بەرزببنەوە، هەربۆیە چاکسازی تاکە ڕێگایە بۆ دورخستنەوەی عێراق لەدروستبونی قەیرانی دارایی".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەو کاغەزی چاکسازییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرزیکردۆتەوە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆئەوەی متمانەی پەڕلەمان بەدەستبهێنێت، لەسەر شێوەی بڕیارێکی پابەند یان یاسایەک‌و دواتر بەرنامەیەکی هەمەلایەنە بۆ جێبەجێکردنی".

هەر لەوچوارچێوەیەدا عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکە دانی بەوەداناوە، "ئەگەربێت‌و نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە، ئەوە هەنگاونان بەرەو چاکسازی ئابوری کارێکی پێویستەو ئەو کاغەزە سپییە چاکسازییەکەی حکومەتەکەی کازمیش واداڕێژراوە ببێتە کڕۆکی ئابوری نوێی عێراق، کە زۆر دینامیکیتربێت‌و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە جیهانییەکانی هەبێت".

ئەسۆشیەیتد پرێس ئەوەشی باسكردوه‌، قەیرانی موچەو دوجار قەرزکردنی حکومەت لەناوخۆدا بۆ داواکردنی ٣٥ ملیار دۆلار، ئەوەی پیشانداوە کە حکومەتەکانی پێشوتر هەڵەی گەورەیان کردوە، لەوانە بەرزکردنەوەی خەرجییە حکومییەکان‌و دامەزراندنی ژمارەیەکی گەورەی فەرمانبەران کە لەڕوی سیاسییەوە قۆستراوەتەوە، لەکاتێکدا کەرتی تایبەت‌و راکێشانی وەبەرهێنان‌و دەستەبەرکردنی دەرفەتی کاری ڕاستەقینەو دور لەبودجەی گشتیی دەوڵەت پشتگوێخراوە.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی