بەهۆی چاكسازیی لەكێڵگەكانی غازی كۆرمۆر كارەبا كەمدەبێتەوە

عیراق

17/10/2020‌ 419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم رایگه‌یاند، سبەینێ یه‌كشه‌ممه‌ گۆڕانكاریی  لەبەرنامەی پێدانی كارەبا دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاكسازیی و كاروباری چاككرنەوە كە كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەكانی كۆرمۆر ئەنجامی دەدات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم بڵاویكرده‌وه‌: "هاوبەشانی كارەبا ئاگاداردەكەینەوە سبەینێ رێكەوتی 18/10/2020 لەكاتژمێر 8ی بەیانییەوە تاوەكو 4ی ئێوارە گۆڕانكاریی 2 كاتژمێر لەبەرنامەی پێدانی كارەبا دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاكسازیی و كاروباری چاككرنەوە كە كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەكانی كۆرمۆر ئەنجامی دەدات وەكو پرۆسەیەكی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی زستان، به‌هۆی پڕۆژه‌كه‌وه‌ بڕی 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەكات".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "وەزارەتمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی كەمبوونەوەی پەستانی غاز تەنیا بۆ دوو كاتژمێر كارەبا كاریگەریی لەسەر هاوبەشانی كارەبا هەبێت.

كارەبای هەرێم ده‌ڵێت: دوای تەواوبوونی پرۆسەی چاكسازیی لەكێڵگەكانی كۆرمۆر وەزارەتی كارەبا لەڕێگەی تێمەكانی كۆنترۆڵ و وێستگەكانی كارەباوە كار بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە دەكات.