نوجێفى دروستکردنی هەرێمی سوننە بەپڕۆژەیەکی شکستخواردوو دەزانێت

عیراق

21/10/2020‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى سوننه‌ له‌عێراق، پڕۆژه‌ى به‌هه‌رێمكردنى ناوچه‌ سونیه‌كان به‌شكستخواردوو ده‌زانێت‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "شیعه‌ مه‌زهه‌ب‌و كوردیش پرسى نه‌ته‌وه‌یی كۆى كردونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سوننه‌كان بۆچونیان زۆر جیاوازه‌و ناگه‌نه‌ یه‌ك".

ئەسیل نوجێفى سەرۆکی بەرەی ڕزگارکردن‌و پەرەپێدان‌و یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی سوننە، دروستکردنی هەرێمی سوننەی لەعێراق بەکارێکی سەخت زانیوە، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، پێکهاتەی سوننە لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە جیاوازو دابەشبون، ئەویش بەپێچەوانەی پێکهاتەی شیعە بەهۆی پرسی مەزهەبەوە یەکگرتون‌و کوردیش لەڕوانگەی نەتەوەییەوە یەکڕیزن.

نوجێفى لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی ڕایگه‌یاندوه‌، لەبەر چەند هۆکارێک ناکرێت هەرێمێکی تایبەت بۆ پێکهاتەی سوننە لەعێراق دروستبکرێت، لەگرنگتریان ئەوەیە پێکهاتەکەو سەرکردەکانیان هیچ باوەڕێکی سیاسیی یەکگرتویان نییە کە لەچوارچێوەی هەرێمێکدا کۆیان بکاتەوە.

سەرکردە سوننەكه‌ ڕونیکردۆتەوە، پێکهاتەی سوننە لەبارەی ئیدارەی سیاسیی وڵات بۆچونیان جیاوازەو هەر پارێزگایەکی سوننیش دیدگایەکی جیاوازو سەربەخۆی هەیە، ئەوەش بەپێچەوانەی پێکهاتەی شیعە کە بیروباوەڕێکی مەزهەبی کۆیاندەکاتەوەو هێزە کوردییەکانیش لەچوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا پرسێکی نەتەوەییان هەیە.

نوجێفى دەشڵێت:"پڕۆژەیەکی لەو جۆرە چارەنوسەکەی شکستهێنانە، لەبەرئەوەی ئەگەر پارێزگایەکی وەکو نەینەوا وەک هەرێمێک ڕابگەیەنرێت کە چەندین مەزهەب‌و نەتەوەو تایەفەی جیاوازی تێدایە، ناکرێت هەمویان ناچاربکەیت لەژێر هەرێمێکی سوننیدا بژین".

لێدوانه‌كه‌ى نوجێفى له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌ پەرلەمانتارێكی سوننه‌ به‌بێئه‌وه‌ى ناوى ئاشكرابكرێت بەشەفەق نیوزی وتوه‌، "بەھۆی توڕەبونی سوننەكان لەھەبونی ھێزەكانی دەرەوەی سیستەمی پۆلیس‌و سوپای عێراق‌و ئەو بۆشاییە ئەمنیی‌و گێرەشێوێنیانەی هەیە، هەرێمی سوننەكان پێكدەهێنرێت‌و ساڵی داهاتوش ڕادەگەیەنرێت، پلانەكەش ئەمریكاو وڵاتانی كەنداوو ھەرێمی پشتیوانی دەكەن بەتایبەت (سعودییە، بەحرەین‌و ئیمارات".

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی