نیشانە لاوەکییەکانی کوتان بەڤاکسینی فایزەر لەسەر خۆبەخشەکان چی بوە؟

تەندروستی

14/11/2020‌ 642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای فایزەری ئه‌مریكی‌و بایۆتنیکی ئەڵمانی کە لەمدواییەدا سەرکەوتنی ڤاکسینی دژ بەڤایرۆسی كۆرۆنایان ڕاگەیاند، باسیان لەوەکردوە، تاقیکردنەوەی کلینیکیان لەسەر ٤٣٥٠٠ کەس لەشەش وڵاتدا کردوە، بەشێک لەوانە باسیان لەبونی چەند نیشانەیەکی لاوەکی ڤاکسینەکە لەسەر جەستەیان کردوە.

بەشێک لەو خۆبەخشانە وتویانە لەدوای کوتانیان بەپێکوتەکە هەستیان بەبونی چەند نیشانەیەکی وەک سەرئێشەو ئازاری ماسولکەکان کردوە.

لەوبارەیەوە گلین دیشیڵدزی تەمەن ٤٤ ساڵ لەشاری ئۆستنی ویلایەتی ته‌کساس باسی لەوەکردوە، نیشانەی دوای کوتان بەڤاکسینەکە وەک سەرئێشەی سەرخۆشییەکی توند وابوە، بەڵام هەربەزویی ئەو ئازارەی نەماوە، بەپێی ئەو تاقیکردنەوەیەش کە لەدوای کوتان بۆ دیشیڵدز کراوە، دەرکەوتوە کە جەستەی دژە تەنی دژ بەڤایرۆسەکە دروستکردوە.

یەکێکی تر لەخۆبەخشەکان کە ئافرەتێکی ٤٥ ساڵی بوە بەناوی کاری باسی لەوەکردوە، لەدوای کوتانی یەکەمجاری توشی (تا)و سەرئێشەو ئازاری جەستەیی بوە، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەی هاوشێوەی پەتای ئەنفلۆنزا، بەڵام لەگەڵ کوتانی دوەمداردا نیشانەکان توندتربون.

هەروەک دکتۆر ئەلبێرت پۆرلا سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای فایزەری ئه‌مریكی لەبەیاننامەیەکدا لەبارەی کارایی پێکوتەکەیان دەڵێت:"ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ زانست‌و مرۆڤایەتی، کۆمەڵەی یەکەمی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی قۆناغی سێیەم بۆ ڤاکسینی دژ بەڤایرۆسی كۆرۆنا دەریخستوە کە ڤاکسینەکەمان دەتوانێت ڕێگری لەڤایرۆسی كۆرۆنا بکات".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی