300 ملیار دۆلار لەپڕۆژەی وەهمیدا بەفیڕۆدراوە

عیراق

19/11/2020‌ 891 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کە پشتی بەسەرچاوەی پەڕلەمانی بەستوە، لەساڵی ٢٠٠٥وە تائێستا لەعێراق بەبەهای نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلار پارە لە پرۆژەی وەهمیدا بەفیڕۆ دراوە، وەک پرۆژەکانی کەرتی تەندوروستیی و ڕێگەوبان و پرد و ناوەندی کاتبەسەربردن و گەشتیاری و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتووکاڵی و پیشەسازی و نیشتەجێکردن.

سامر زەیبان ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەڕلەمانی عێراق بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدى ڕاگه‌یاندوه‌، "لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلاریان لەپڕۆژەی وەهمیدا خەرجکردوە کە لەبنەڕەتدا بونیان نەبوە".

لای خۆیشییەوە سەرچاوەیەکی نزیک لەحکومەت کە داوایکردوە ناسنامەکەی ئاشکرانەکرێت بەڕۆژنامەكه‌ی وتوە"پڕۆژە وەهمییەکان یەکێکە لەو کێشە ئاڵۆزانەی ڕوبەڕوی حکومەت دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لەو پرسەدا کەسانی گەورەو پارتی سیاسیی دەستڕۆیشتوی تێوەگلاون".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، "وەزارەتی پلاندانان تەنها باسی لەبونی ٦٢٥٠ پڕۆژەی پەککەوتوو کردووە بێئەوەی هیچ ئاماژەیەک بەپڕۆژە وەهمییەکان بکات کە خۆی لەزیاتر لە ٩ هەزار پڕۆژەدا دەبینێتەوە لەنێوان پڕۆژەی گەورەو بچوک".

ڕونیشیکردۆتەوە، "ئەو پارانە دەچێتە گیرفانی کەسانی گەندەڵکارو پارتە سیاسییەکان، بەشێکیشیان گواستراونەتەوە بۆ بانکەکانی ئێران‌و لوبنان کە ئەو دوو وڵاتە خۆیان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن".

سەرچاوەکە دەڵێت:"گەندەڵی لەهەموو پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوە بەتایبەتی لەپارێزگاکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق کە بەقسەی ئەو سەرچاوەیە هەردوو پارێزگای بەسرەو نەجەف گەورەترین گەندەڵیان تێدادەکرێت".

یەکێک لەنمونە دیارەکانی گەندەڵی لەعێراق بریتییە لەپڕۆژەی دروستکردنی ١٠٠٠ قوتابخانە لەهەموو ناوچەکانی عێراق لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ کە سەرەڕای تەرخانکردنی پارە بۆیان، بەڵام لەڕاستیدا هیچ قوتابخانەیەک دروستنەکرا، ئەوە جگە لەتەرخانکردنی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی پێنج نەخۆشخانە، بەڵام هیچ کام لەو نەخۆشخانانە دروستنەکران".

هەروەک حامید موتڵەگ پەڕلەمانتاری پێشوی عێراق بەڕۆژنامەكه‌ى وتوە، پڕۆژە وەهمییەکان لەعێراق لەژماردن نایەن، بەشێوەیەک قەبارەی ئەو پارەیەی بۆیان تەرخانکراوە بە ٣٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، "کەرتەکانی تەندروستی‌و نیشتەجێکردن‌و پەروەردە لەدیارترین ئەو کەرتانەن گەندەڵیان تێداکراوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی