هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک بە فەرمی داوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان دەکەن

جیهان

20/11/2020‌ 685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی دوا لە دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA دەکەن بەپەلە ڕێگەیان پـێبدات.

کۆمپانیای فایزەر ئەمڕۆ لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویكرده‌وه‌: ڤاکسینەکەیان بۆ کۆڤید 19 کە بە BNT162b2 ناودێرکراوە ئەنجامی زۆر باشی هەیە و دەرکەوتووە بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەیە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئەو ئەنجامانەی پـێی گەیشتوون لە ڕێگەی ئەو سێ قۆناغی تاقیکردنەوانەیە کە تیایاندا ڤاکسینەکەیان بەسەر هەزاران کەس تاقیکردووەتەوە وە ئەو کەسانەش تەمەنیان لە 12 ساڵەوەیە هەتا 85 ساڵ و لە ناو ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکان.

فایزەر پـێشبینی دەکات لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێک بتوانن هەتا کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە دروستبکەن و هەتا کۆتایی ساڵی 2021 یش نزیکەی 1.3 ملیار دەرزی دیکە دروستبکەن.

کۆمپانیای فایزەر دوێنێ چوارشەممە بڵاویكرده‌وه‌: ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێـیەم کە بەسەر نزیکەی 44 هەزار کەس کراوە، ڤاکسینەکە بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەبووە و بە تایبەتی بەسەر کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ بە ڕێژەی زیاتر لە 94% کاریگەربووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ڤاکسینەکەیان بۆ کۆڤید 19 کە بە BNT162b2 ناودێرکراوە، لە پاش 28 ڕۆژ لە لێدانی دەرزی یەکەمی کاریگەری دەردەکەوێت.

دەشڵێت توانیویانە ئەو مەرجانەی پـێویستن لە ڤاکسینەکەدا هەبن بۆ سەلامەتی بەکارهێنانی، هاتوونەتە دی بەو شێویەی دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA و دەزگای ئەوروپایی EUA دەیانەوێت. 

باس لەوەش دەکات کە هیچ شتێکی مەترسیدار بەدی نەکراوە بەسەر ئەو کەسانە هاتبێت کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک لە پاش لێدانی ڤاکسینەکە لە هەموو هەزار کەسێکیان 38 کەسیان هەستی بە هیلاکی کردبوو و 20 کەسیان سەری ئێشاوە.

کۆمپانیای فایزەری ئەمریكی کە لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی ڤاکسینەکە دروستدەکات، پـێشبینی دەکات هەتا کۆتایی ئەمساڵ بتوانن 50 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە دروستبکەن و هەتا کۆتایی ساڵی 2021 یش 1.3 ملیار دەرزی لێدروستبکەن.