پەیمانگایەکی ئه‌مریكی داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی له‌حكومه‌تدا دەکات

کوردستان

21/11/2020‌ 2073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بارەگاکەی لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئه‌مریكایە لەڕاپۆرتێکدا تیشکیخستۆتەسەر ئاڵۆزبونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و به‌غدا به‌هۆى تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بێ خواستی کورد، جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "پێویستە واشنتۆن ڕۆڵ ببینێتلە کەمکردنەوەی ئەو قەیرانەو ده‌شبێت پێداگری بکات کە دەبێت حکومەتی هەرێم چاکسازی بنەڕەتی ئەنجامبدات‌و ڕۆڵی بنەماڵەی بارزانیش كه‌مبكرێته‌وه‌".

ئه‌و پەیمانگایە ئاماژەی بەوەشکردوه‌، دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان هەرێم‌و به‌غدا کتوپر نەبوە، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی هەڵکشانی بەردەوامی دڕدۆنگی لەنێوان حکومەتی هەرێم‌و کوتلە سیاسییە عێراقییەکان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و ڕادەستکردنی نەوت‌و داهاتە نانەوتییەکانی تر بەبەغدا.

ئه‌وه‌شى بڵاوكردۆته‌وه‌، یاسای کورتهێنانی دارایی دەستەبەری ڕەوانەکردنی ٢٦٨ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی هەولێر ناچاردەکات بەشێک لەنەوتەکەی ڕادەستی کۆمپانیانی سۆمۆ بکات‌و نیوەی داهاتەکانی فڕۆکەخانەو دەروازە سنورییەکانیش بۆ بەغدا بگێڕێتەوە، بەوەش هەرێمی کوردستان بەتێکڕایی ٢٩٣ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە.

پەیمانگا ئه‌مریكییەکە جەختیکردۆتەوە، "لەژێر سایەی دنەدانی کەڵکەڵە تائیفی‌و قەومیییەکان لەلایەن دارودەستەکانی ئێران بۆ خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، پێویستە واشنتۆن ڕۆڵی لەکەمکردنەوەی ئەو قەیرانەدا هەبێت‌و لەهەمانکاتیشدا پێداگری لەوەبکات کە دەبێت حکومەتی هەرێم چاکسازی بنەڕەتی ئەنجامبدات لەوانە کەمکردنەوەی ڕۆڵی بنەماڵەی بارزانی لەناو حکومەتی هەرێم‌و زیادکردنی ناناوەندێتی لەبڕیاردانی حکومی‌و کەمکردنەوەی خەرجییە حکومییەکان، بەتایبەت کە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بەراورد بەناوچەکانی تری عێراق زۆر بەرزە".

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتوە ((دەبێت حکومەتی بەغداش ئاگاداربکرێتەوە کوردیش پێویستی بەکاتى زیاترە بۆئەوەی ئەو گۆڕانکاریانە ئەنجامبدەن کە بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پێویستن)).

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی