سامسۆنگ شاشەیەکی زیرەک بەتایبەتمەندی سەرنجراکێش دەردەکات

هەمەڕەنگ

21/11/2020‌ 227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای سامسۆنگ نەوەیەکی نوێی شاشەی زیرەکی ئاشکراکردوە کە چەندین تایبەتمەندی هەیە کە شاشەکانی پێشوو بەخۆیانەوە نەبینیوە.

لەدیارترین تایبەتمەندییەکانی Smart Monitorی نوێی سامسۆنگ ئەوەیە دەتوانێت بۆچەندین ئامانجی جیاواز جیاواز بەکاربهێنرێت، وەک بەکارهێنانی بۆ پەیوەندی بێتەل بۆ چەندینجۆر کۆمپیوتەرو بەکارهێنانی وەک شاشەی نمایشکردن دوای لکاندنی بەمۆبایلە زیرەکەکان‌و تابلێتەکانەوە، ئەوە جگەلەوەی بەپڕۆگرامی ئەووتۆ تەیارکراوە کە دەتوانێت بەجیا وەک تەلەفزیۆنی زیرەک بەکاربهێنرێت.

ئەو جۆرە شاشە نوێیەی سامسۆنگ دەکرێت بەتۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە ببەسترێتەوەو پشتیوانی خزمەتگوازرییەکانی پەخشی ڕاستەوخۆ لەڕێگای ئەپی Smart Hu دەکات، هەروەک بەکارهێنەر دەتوانێت یوتیوب‌و نێتفلێکس‌و چەندین سەکۆی تر کە ڤیدیۆو فیلم‌و دراما لەڕێگای ئینتەرنێتەوە پەخشدەکەن بەکاربهێنێت.

ئەو جۆرە شاشەیە دوو مۆدێلی دەبێت کە مۆدێلی یەکەمیان بریتییە لەSmart Monitor M7و قەبارە ٣٢ ئینچ، کە پشتیوانی پیشاندانی ڤیدیۆکان بەکوالێتی 4K دەکات‌و نرخەکەی ٤٠٠ دۆلارە، بەڵام هەرچی نمونە بچوکترەکەیە بریتییە لەشاشەی Smart Monitor M5 بەقەبارەى ٢٧ ئینچ‌و بەکوالێتی FHD ڤیدیۆکان پیشاندەدات‌و نرخەکەشی لەنێوان ٢٣٠ بۆ ٢٨٠ دۆلاردایە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی