هەمام حەمودی: بڕیاری عێراقی لەسەروو هەموو بڕیاره‌كانى دیکەوەیه‌

عیراق

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شێخ هەمام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی باڵا پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ بونیادنانی دەوڵەت‌و بەرهەمی قوتابخانەی مەرجەعیەتی باڵایە، ده‌شڵێت، "قۆناغی داهاتوو قۆناغێکی سەخت‌و نادیار دەبێت، ئەمەش وا دەخوازێت بڕیاری عێراقی لەسەروی هەموو بڕیارو پێوەرەکانی دیکەوە بێت".


ئەم په‌یامه‌ى حەمودی لەمیانی یادکردنەوەی 45 ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵادا هات، وتى، "شەهیدی میحراب توانیویەتی لەم قەوارەیەدا ئەزمونەکانی سەید موحسین حەکیم، شەهید محەمەد باقر سەدرو ئیمام خومەینی کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە ببێتە نمونەیەکی تەواو عێراقی لەکاروانی کاری سیاسیی، کۆمەڵایەتی‌و نیشتمانیدا".

حەمودی جەختی لەسەر بەردەوامیی ڕێبازەکەیان کردەوەو وتی، "ئێمە سورین لەسەر بەردەوامبون لەم ڕێگەیە بەبێ گوێدانە حیساباتی قازانج‌و زیان، بەڵکو تەنها بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانمان". ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی سەرکەوتنەکانی ئەنجومەن لەڕابردودا بەهۆی ئەم ڕێبازە هۆشیارانەو سەرکردایەتییە دڵسۆزەی شەهیدی میحرابەوە بوە".

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا ئاماژەی بەبەشداریکردنی 10 ملیۆن عێراقی لەبەڕێکردنی تەرمی سەید خامنه‌یى کردو وەک بەڵگەیەک بۆ مەزنی‌و بەهێزیی گەلی عێراق لەقەڵەمیدا لەڕوبەڕوبونەوەی هه‌ڕه‌شه‌كان، ئەو داوای لەسەرجەم لایەنگرانی ڕەوتی شەهیدی میحراب کرد، پابەندی ئەرکەکانیان بن بۆ سەپاندنی ئیرادەی نیشتمانی‌و پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری عێراقی.