شارپرێس:
له‌ڕۆژى سێشه‌ممه‌وه
پله‌كانى گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌و له‌كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش
پله‌كانى گه‌رما 55 پله‌ى سیلیزى تێده‌په‌ڕێنن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆمەڵێک ڕێنمایی‌و
هۆشداریی پێویستی ئاراستەی شۆفێران کردوه بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتییان هاوکات
لەگەڵ بەرزبونەوەی پێوانەیی پلەکانی گەرما لەوەرزی هاویندا.
ئەم ڕێنماییانە بەسەرپەرشتی
حوسێن عەوادی بریکاری پێشکەوتوی وەزارەتی ناوخۆ‌و لەلایەن فەریق عودەی سەمیر حەسانی
بەڕێوبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق دەرکراون، تێیدا جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری پێشوەختە
کراوەتەوە بۆ ڕێگری‌کردن لەڕوداوی نەخوازراو لەسەر شەقامەکان.
ڕێنماییەکان بەمشێوەیەی
خوارەوە دیاریکراون:
یەکەم: پێویستە شۆفێران
دڵنیاببنەوە لەبونی مەرجەکانی توندوتۆڵی‌و سەلامەتی لەئۆتۆمبێلەکانیاندا‌و پشکنینی
خولیی بۆ بکەن.
دوەم: هۆشداریی توند دەدرێت
لەجێهێشتنی موعه‌ته‌ر، غازی سەفەری، چەرخ، پاتری، یان هەر مادەیەکی دیكه شل کە
توانای گڕگرتنی هەبێت لەناو ئۆتۆمبێلدا، بەتایبەت کاتێک لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا
ڕادەگیرێت.
سێیەم: دڵنیابونەوە لەشیاوی‌و
کارکردنی ئاگرکوژێنەوەو جێگیرکردنی لەشوێنێکدا کە لەکاتی پێویستدا بەئاسانی دەست تیمی
فریاگوزاریی یان شۆفێرەکە بیگاتێ.
چوارەم: پشکنینی بەردەوامی
تایەکان‌و ڕێکخستنی پەستانی هەوای ناو تایەکە به‌گوێره‌ى پێوەری گونجاو، بۆ ڕێگری‌کردن
لەتەقینی تایەکان بەهۆی گەرمای بەرزەوە.
پێنجەم: غەسل‌و پڕکردنی
بەنزین تەنها لەوێستگە فەرمی‌و بنەڕەتییەکان‌و دورکەوتنەوە لەکڕینی سوتەمەنی لەفرۆشیارانی
سەر شەقامەکان.
شەشەم: چاودێریکردنی بەردەوامی
ئاستی ئاوی ڕادێتەرو ڕۆنى بزوێنەر (مەکینە) بۆ پاراستنی توانای کارکردنی ئۆتۆمبێلەکەو
ڕێگری‌کردن لەگه‌رمبونى زیاد له‌پێویستى بزوێنه‌ر.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى
ده‌سته‌ى كه‌شناسیى‌و بومه‌له‌رزه‌زانیى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ئاسمان بەگشتیی
لەسەرتاسەری عێراق‌و هەرێمی کوردستاندا ساماڵ دەبێت، به‌ڵام پلەکانی گەرما لەهەرێم
هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەجێگیریی دەمێننەوە، لەکاتێکدا لەناوچەکانی ناوەڕاست‌و
باشوری عێراق تینی گەرما زۆر توند دەبێت‌و لەهەندێک پارێزگادا دەگاتە نزیکەی 49 بۆ
51 پلەی سیلیزى.
هاوكات شاره‌زایانى
بوارى كه‌شناسى هۆشداریده‌ده‌ن‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه، "ڕۆژ سێشەممەى ئه‌م هه‌فته‌یه،
شەپۆلێکی زۆر به‌هێزى گەرما سەرتاسەری عێراق به‌هه‌رێمى كوردستانیش دەگرێتەوەو پلەکانی
گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لەبەرزبونەوە دەکەن، بەجۆرێک لەکۆتایی هەفتەدا گەرماکە
توندتر دەبێت له‌ڕۆژى سێشه‌ممه‌و ئه‌گه‌رى هه‌یه 55 پله‌ى سیلیزى تێبپه‌ڕێنێت".
