عەدنان عوسمان: ئەگەر كۆبوونەوەی سێقۆڵی ئەنجامبدرێت دەبێت سێ‌ لیژنە دروست بكرێت

کوردستان

21/11/2020‌ 425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری جڤاتی نیشتیماتی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پێش دانیشتنی سێ قۆڵی پارتی، یەکێتی، گۆڕان ئەگەر بکرێ، دەبێت سێ لیژنەی ئامادەکاری دروست بکرێت.

عەدنان عوسمان، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "پێش دانیشتنی سێ قۆڵی پارتی، یەکێتی، گۆڕان ئەگەر بکرێ، دەبێت سێ لیژنەی ئامادەکاری دروست بکرێت،  بەمەش کۆبونەوەکە سەرکەوتو وە بەرهەمدار ئەبێت".

ئەو لیژنانەی کە گۆڕان داوای دەکات دروستبکرێن، بریتین لە، "لیژنەی داهات و ئابوری و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، لیژنەی حوکمڕانی و کارنامەی حکومەت، لیژنەی لامەرکەزی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان".

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەرچەندە پارتی، یەکێتی و گۆڕان کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆبونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوانیاندا نەکراوە تەنها بەجیا كۆبوونەتەوە و رێككەوتنیان ئەنجامداوە.