کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمکرایەوە

کوردستان

22/11/2020‌ 2022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند، بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانىڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، بەڕێژەى (10 بۆ 20%) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندنى ساڵى (2020-2021) کەمکردەوە.

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى د. ئارام محه‌مه‌د قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى تەواوکارىژمارە (10)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچو.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان،وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارى لێژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کردو دەستخۆشى لێکردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردو.

باسی له‌وه‌شكرد: "هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا، بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە:

• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
• سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.