فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بوو به‌ دوو به‌ره‌وه‌؛ به‌یاننامه‌ی جیاواز ده‌رده‌كه‌ن

کوردستان

28/11/2020‌ 2000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بوون به‌ دوو به‌ره‌وه و به‌یاننامه‌ی جیاواز ده‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ردو به‌ره‌كه‌ داوای ناردنی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا و رێكه‌وتنی سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ ده‌كه‌ن.

فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كات حکومەتى هەرێم لیژنەى باڵاى دانوستان ره‌وانه‌ی بەغدا بكات و رایده‌گه‌یه‌نێت حکومەت  دەبێت داھاتی ناوخۆیی و نەوتی و خاڵە سنورییەکان ڕێک بخاتەوە تا کۆتایی بەو دۆخە قەیراناویە ناھەموارە بێت کە ھەرێمەکەمان پێوەی گیرۆدە بوە، دڵنیاین داھات رێکبخرێتەوە کێشەی موچە چارەسەر دەبێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر هه‌ریه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران ئاشنا عەبدوڵا، شایان کاکە ساڵح، جەلال محەمەد، شیرین ئەمین، دابان محەمەد، عەلی حەمە ساڵح له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند: ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو "گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوریدا ھەیە بەردەوام بێت"، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورە تر دەبێتەوە، و بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانیی ئەم کابینەیەن.



بۆ بەرێز: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 
بابەت: یاداشت
دۆخی خراپی دارایی و بژێوی  خەڵک ،و ئەو ئاڵۆزی و مەترسیانەی دەرئەنجامی قەیرانەکان روی لە ھەرێمەکەمان کردوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان حزورێکی جدی و رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت و بڕیاری چارەسەری لەبارەوە بدات بە تایبەتی ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە .فراکسیۆنی گۆران وەک ھەمیشە جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری بەپەلە و گونجاو بۆ کۆتایی ھێنان بەو ڕەوشە دژوار و بێ ئومێدیەی خەڵک بۆیە پێویستە :-

١— راسپاردنی حکومەتی ھەرێم کە لە زوترین کات لیژنەی باڵای دانوستاندن بنێرێتە بەغدا و ،رێکەوتننامەی ھەرێم و بەغدا واژۆ بکەن و ماف و شایستەدارایەکانی هەرێم و ئەرک و واجبات و نیازپاکی بسەلمێنن بە ڕون و ڕاشکاوی بەپێشاندانی ئامادەیی بە رێکەوتن لەسەر کەرتی نەوت و نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان رێکەوتنێکی گشتگیر ئەنجام بدرێت.

٢—ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان نیگەرانین لە خەمساردی ھەرێم بەرامبەر بە دابین کردنی موچە و بژێوی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان .

٣—جەخت دەکەینەوە حکومەت  دەبێ داھاتی ناوخۆیی و نەوتی و خاڵە سنورییەکان ڕێک بخاتەوە تا کۆتایی بەو دۆخە قەیراناویە ناھەموارە بێت کە ھەرێمەکەمان پێوەی گیرۆدە بوە ،دڵنیاین داھات رێکبخرێتەوە کێشەی موچە چارەسەر دەبێت .

٤—پەرلەمانی کوردستان شوێنی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانە ،شوێنی گفتوگۆ و بڕیاردانە ،بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵک ،بۆیە بە پێویستی دەزانین خەمی خەڵک و گرفتەکان لە پێشەنگی بەرنامەکانی کاری پەرلەمانی بێت و دەرفەت بە فراکسیۆنەکان بدرێت بۆ دەربرینی راو بەرنامەو کارەکانیان.

فراکسیۆنی گۆڕان
٢٨/١١/٢٠٢٠