شارپرێس:
بەرپرسی فەمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم رایگهیاند سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی له شنگال زۆر گرنگە بەمەبەستی رێگاخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیان کە بەھۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە.
سهفین دزهیی بەرپرسی فەمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لهمیانی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لهگهڵ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا رایگهیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کاتێک ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە پشت بەستن بە دەستووری ھەمیشەیی ووڵات چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان".
باسی لهوهشكردووه: سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی لە شنگال زۆر گرنگە بەمەبەستی رێگاخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیان کە بەھۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزی پۆلیسی خۆجێی متمانەی ھاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و ھاندەردەبێت بۆ گەڕانەوای ئاوارەکان.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچە سنوورییەکان، سەفین دزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپیانراوی دەستوورییە لە چوارچێوەی ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ وە بەرپرسیارییەتی ھەرێمی کوردستانە کە گەرەنتی سنوورەکانی بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خاکی ھەرێم لە دژی ھیچ وڵاتێک بەکارنەھێندرێت، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەرێتە کارپێکراوەکان ناکرێت خاکی ھەرێم بەکاربھێندرێت بۆ دروستکردنی ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ ھاوکات وڵاتانی دراوسێش پێویستە رێز لە سەروەری عێراقی فێدڕاڵ بگرن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەی بە رۆڵی بەریتانیا و سەردانی وەزیری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جەیمس کلێڤەرلی و، وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بریتانیا جەیمەس ھیپی دا بۆ ھەرێمی کوردستان و کرد و بە سەردانێکی سەرکەوتووی وەسفکرد.