تورکیا لەلایەن هاوپەیمانەکانیەوە تەنگەتاو دەکرێت

جیهان

17/12/2020‌ 1820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کسینیا لۆگینوفا لەگۆڤارى " ئیزفیستیا" ڕاپۆرتێکى بڵاوکرۆتەوە دەربارەى سزاکانى ئەوروپاو ئەمریکا لەدژى تورکیاو دژیەکى لەگەڵ پێویستی بونى ڕۆژئاوا بەو وڵاتە بەهێزە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لەمدواییانەدا، پەیوەندیەکانى ئەنكەرە لەگەڵ هاوپەیمانەکانى لەناتۆدا توشى گرفتى توند بۆتەوە، یەکێتى ئەوروپا بڕیاریداوە سزا سەپێنراوەکانى سەر تورکیا فراوان بکات، ئەویش بەهۆى بەردەوامبونى ئەو وڵاتە لەکنەوپشکنین لەڕۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاست، جگەلەوەش، واشنتۆن بەنیازە سزا بەسەر ئەنكەرەدا بسەپێنێ بەهۆى کڕینى سیستەمى بەرگرى ئێس-٤٠٠ى ڕوسى. 

سەڕەراى هەموو ئەم ڕێکارانە، کەچى تورکیا لەهاوپەیمانێتى ناتۆ ناکشێتەوە، چونکە لەهەموو دۆخێکدا ئەمە لەبەرژەوەندى ئەو وڵاتەدا نییە.

سەرکان دەمیرتاش توێژەرى سیاسى تورکى پێیوایە، "ئەنكەرە هیچ جێگرەوەیەکى ترى نییە، هەروەها ئابورى تورکیا پەیوەندییەکى پتەوى بەوڵاتانى ڕۆژئاواوە هەیەو هەمانکاتیش هاوپەیمانێتى ناتۆ بەرژەوەندى لەوەدانییە پەیوەندیەکانى لەگەڵ تورکیا نابوت بکات".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"لە ٢٠ یەنایەریشدا، جۆ بایدن پۆستى سەرۆکى ئەمریکا وەردەگرێت‌و کاروبارى نێودەوڵەتى قۆناغێکى نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، ئیدارەى نوێ هاوبەشیەکى ستراتیجى نوێ لەمیانى هاوپەیمانێتى ئەتڵەسیەوە چێ دەکات".

بەگوێرەى وته‌ى دەمیرتاش، "سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا ئاماژەیان بەوەکردوە، یەکێتیەکە هەماهەنگ دەبن لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەپرسەکانى پەیوەندیدار بەتورکیاو دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى برۆکسل چاوەڕوانى پەرەسەندنى پەیوەندیەکان دەکات لەنێوان تورکیاو ئەمریکا لەژێر سایەى ئیدارەى نوێدا".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ڤلادیمیر ئەفاتکۆف کە توێژەرێکى دیارە لەپەیمانگەى ئابورى جیهانى‌و پەیوەندى نێودەوڵەتى سەر بەئەکادیمیاى زانستە ڕوسیەکان، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ئەندامانى ناتۆ فشارەکانیان لەسەر ئەنكەرە زیاتر دەکەن، چونکە پێویستیان پێى هەیە.

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"هەروەها سەرۆکى هەواڵگرى ئێم ئاى ٦ (ڕیتچارد مۆر)، دەپرسێت: بۆچى لەواقیعدا پێویستیان بەتورکیایەکى بەهێز هەیە؟ لەپێناو ئەوەى ملکەچ بێت بۆ پڕۆژەکانیان‌و فراوانخوازیەکانیان‌و ناسەقامگیریى‌و کاریگەرى لەسەر قەوقازو ئاسیاى ناوەڕاست، لەکۆتاییشدا لەسەر ڕوسیاو چین".

هه‌روه‌ك ئەفاتکۆف پێیوایه‌، "ئەمە ئەوکارەیە کە ڕۆژئاوا پێویستى بەتورکیا هەیە، بۆ ئاژاوەو ناسەقامگیریى‌و بەشداریپێکردن لەپلانەکانیاندا، یاخود ئەوان هیچ پێویستیان بەتورکیا نییە کە خودى ئەو وڵاتە بەشێکه‌ لەئاژاوەو پشێویەکان".

ئاماده‌كردن: حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا
سه‌رچاوه‌: RT.Arabic

بەپەلە