ئەردۆغان و باخچەلی بەنیازن بە چەند هەنگاوێک گەورەترین حزبی كوردی هەڵوەشێننەوە

ڕاپۆرت

03/01/2021‌ 2227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەکەپەو مەهەپە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پارتى ئاشتى و دیموکراتى گەلان هەدەپەو قەدەغەکردنى ئەو پارتە لە تورکیادا.

هاوپەیمانییەتییەكەی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوە پەرستی توركیا بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی، خەریكی ئامادەسازین بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئاشتى و دیموکراتى گەلان(هەدەپە)ی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ بەندی 68 ی دەستوری توركیا دەبەن كە بەدەق دەڵێن: "ناكرێت پشتیوانی لەو حزبە سیاسییانە بكرێت كە هانی ئەنجامدانی تاوانكاری دەدەن".

ئەم هەنگاوەی دوو پارتە سیاسییە فەرمانڕەواكەی توركیا دەچێتە خانەی ئەو هەوڵ و كۆششە ستەمكارییانەی دژ بە كوردەكانی توركیا ئەنجام دەدرێت.
پێگەی ئەلەكترۆنی (جمهوریەتی) توركی ئەوەی ڕوونكردۆتەوە كە هەنگاوەكەی دوو پارتە سیاسییە فەرمانڕەواكەی توركیا كە لە ئێستادا ئامادەسازی بۆ دەكەن، لەوانەیە ببێتە هۆی بێبەشبوونی هەدەپە لەو یارمەتییانەی لە بودجەی دەوڵەت وەریدەگرن.

هەروەها هەنگاوی دواتری دوو پارتە فەرمانڕەواكە بە گوێڕەی هەردوو بەندی دەستوری توركیا ژمارە(68  و 101) بریتی دەبێت لەوەی داوایەك دەخەنە بەردەم دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتە كوردییەكە، بە گوێرەی بەندی 101 ی دەستوری توركیاش دەكرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی حزبێكی سیاسی ئاراستەی دادگا بكرێت.

هەر بە گوێرەی پێگەی ئەلەكترۆنی ناوبراو،  پێشتر دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانەكەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە هەدەپە هەڵبوەشێتەوە، پێشتریش ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئاماژەی بە هەمان مەبەست و نیازی باخچەلی كردووە، ئەمەش وا لێكدەدرێتەوە كە نیازیان هەیە هەدەپە سزا بدەن، لەژێر پەردەشەوە دەمێكە هەردوو حزبە توركییەكە كار بۆ ئەو ئامانجەیان دەكەن.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پێگە ئەلەكترۆنییە توركییەكە كەوتووە، لە یەكەم هەنگاودا پارتە كوردییەكە بێبەش دەكەن لە یارمەتییەكانی گەنجینەی دەوڵەت، لە كاتێكدا بە گوێرەی بودجەی ساڵی 2021 ی توركیا، پارتە كوردییەكە گوژمەی 57 ملیۆن و 550 هەزار لیرەی توركی بۆ تەرخان كراوە، واش بڕیارە لە مانگی یەنایەری ئەمساڵ ئەو بڕە پارانەی بۆ حزبەكان تەرخان كراوە لە هەژماری بانقی تایبەت بە خۆیان دابنرێت.

پارتەكەی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەكرێت بە گوێرەی دەستور  هەدەپە هەڵبوەشێتەوە، بەو پێیەی ئەو پارتە كوردییە هانی توندوتیژی و تاوانكاری دەداوە. تۆمەتی ئەوەشیان داوەتە پاڵ پارتە كوردییەكە كە ئەندامەكانی ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتنی چەكدارە تیرۆرستەكان بوون و پشتیوانیشیان لە كار و چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە، هەموو ئەمانەش لە دیدگای ئەوانەوە پێچەوانەی دەستوری توركیایە.

پێگەی ئەلەكترۆنی: تركیا الآن
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە