ڕێژەی هەژاریی لەعێراق بۆ لە30% بەرزبۆتەوە

عیراق

06/01/2021‌ 399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکارێكى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشكرایده‌كات، ڕێژەی هەژاری لەوڵاتدا بۆ لە 30% تێکڕای دانیشتوان بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا بەپێی داتا فەرمییەکان ڕێژەی هەژاری لەعێراق لەساڵی 2013 تەنها لە 15% بوەو لەساڵانی دواتردا گەیشتۆتە لە 22%.

مەزهەر محەمەد له‌لێدوانێكدا به‌ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوه‌:"ڕێژەی هەژاری لەعێراق بۆ لە 30% بەرزبۆتەوە، لەناویاندا ئاوارە کۆنەکان‌و بێکارەکان، جگە لەوەی ملیۆنێک خێزان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتونەتە خوار هێڵی هەژارییەوە".

بەپێی داتایەک کە لەساڵی 2018 کۆکراوەتەوە، بەرزترین ڕێژەی هەژاری لەپارێزگای موسەننا بوە کە گەیشتۆتە لە 52%، دواتر پارێزگای دیوانییە لە 48%و پارێزگای میسان لە 45%، زیقار لە 44%، نەینەوا 37,7% بوە، دواتر دیالە 22,5%و واست 19%و سەڵاحەدین له‌18%و ئەنبار له‌17%و بەسرە 16%و نەجەف له‌12,5%و کەربەلا 12%و بابلیش 11% بوە.

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، کەمترین ڕێژەی هەژاری لەپارێزگاکانی بەغدا بوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌10%، دهۆک 8,5%و کەرکوک 7,6%و هەولێر 6,7% بوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی