ئاشكرابوو كۆرۆنا یه‌كه‌مجار له‌چین بڵاونه‌بۆته‌وه‌

جیهان

14/01/2021‌ 1801 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەر لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا، پەنجەی تۆمەت بۆ چین درێژدەکرا بەوەی سەرچاوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەیە، بەڵام بەڵگە نوێکان ڕاستی تر دەردەخەن بەشێوەیەک کە ڕەنگە لەو پرسەدا چین بەبێتاوان بێتە دەرەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "لا رەپەبڵیکا"ی ئیتاڵی، تیمێکی توێژینەوەیی زانکۆی میلانۆ تێبینیانکردوە کە ئافرەتێکی ٢٥ ساڵی ئیتاڵی لەنۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٩وە توشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوە، واتە چەند هەفتەیەک بەر لەڕاگەیاندنی یەکەم حاڵەتی توشبون بەنەخۆشییەکە لەجیهاندا.

تیمە پزیشکییە ئیتاڵییەکە ڕایانگەیاندوە، دوای وەرگرتنی نمونەی پێستی نەخۆشەکە، بۆیان دەرکەوتوە کە پەڵەی سوری تێدایە کە بەگوێرەی قسەی زاناکانی زانکۆی میلانۆ، نیشانەکان دەرخەری توشبونن بەنەخۆشیی کۆرۆنای نوێ، بەوپێیەی یەکێک لەنیشانەکانی نەخۆشییەکە، دەرکەوتنی نەخۆشییەکانی پێستە.

لەو چوارچێوەیه‌داو بۆ دڵنیابونەوە لەسەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، وابڕیارە تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بەڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەردانی شاری وهان لەچین بکات کە بەمۆڵگەی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە هەژمارکراوە.

ماریۆن کۆبمانز یەکێک لەئەندامانی تیمەکە دەڵێت:"نابێت هیچ گریمانەیەک لەبارەی نەخۆشییەکەوە دوربخرێتەوە، بۆئەوەش هەموو جیهان لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بەرپرسە، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوە لەو جێگایە بکەین کە بەسەرچاوەی یەکەمی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەیە کە ئەویش شاری وهانە".

کۆبمانز جەختیکردۆتەوە، ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە لەجێگایەکی تەواو جیاواز لەو جێگایە دروستبوبێت کە لێی ئاشکراکرا، بەڵام ئەوەش پێویستی بەبەردەوامی لێکۆڵینەوەکان هەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی