پەڵکانە چەقی ململانێیەکان
بە حکومەتى عێراق و پارێزگارى کەرکوک سیاسەتى تەعریب زیندوو دەکەنەوە

کوردستان

19/01/2021‌ 664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- كەركوك 

پەڵكانە ئەو گوندەی بۆتە چەقی ململانێی نێوان كورد و عەرەبی هاوردە، حكومەتی عێراقیش بەهۆی لایەندارییەوە پرسەكەی تاوەكو ئێستا  بە هەڵواسراوی  هێشتۆتەوە، پەرەلەمانتارێكیش دەڵێت" دەسڕۆیشتی شوفێنیەكانی ناو حكومەت ڕێگرن لە چارەسەركردنی كێشەكە" .

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عەرەبی هاوردە كە بەشێكیان پێكدین لە هۆزی شەمەر، ناو بەناو بە پاڵپشتی هێزە ئەمنیەكانی ناوچەكە دەچنە سەر گوندی پەڵكانە هەوڵی داگیركردنی خانو و زەوەییەكانی كوردی گوندەكە دەدەن و تا ئێستاش زیاتر لە هەشت خانوی گوندەكەیان داگیركردوە.

گوندی پەڵكانە دەكەوێتە سنوری پارێزگای كەركوك و سەر بە شاردەێی سەرگەڕانە، دانشتوانی گوندەكە كە لە نەتەوەی كورد پێكدێن وەك خۆیان دەڵێن ئێمە خاوەن تاپۆی ڕەشین، ئەو عەرەبانە كە دەچنە سەر گوندەكە خاوەنی گرێبەستی زەوی كشتوكاڵێن كە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بۆیان دەركراوە.

حاجی عەونی محەمەد هاوڵاتیەكی كوردی دانشتووی گوندەكەیە بۆ شارپرێس ووتی:"لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێك لە سەرۆك هۆزەكانی كەركوك و پیاوە دیارەكانی هۆزی شەمەر لەم گوندە نیوەڕۆ خوانێكیان بۆ سەعد حەربی فەرماندەی ژوری ئۆپراسێۆنە هاوبەشكانی كەركوك ڕێكخستبوو، دیارە فەرماندەی ژوری ئۆپراسێۆنەكانی كەركوك بەڵێنێكی بە عەرەبەكان داوە كە لەم گوندەی ئێمە تێدا  نیشتەجێین و خاكی باو باپیرانمانە دەیانەوێت دەس بەسەر گوندەكەدا بگرن و ناوچەكە تەعریب بكرێت هاوشێوەی ڕژێمی پێشوو، دوای جێهشتنی گوندەكە فەرماندەی ئۆپراسێۆنی كەركوك نامەیەكی بەجێهشتبوو بۆ عەرەبەكان كە كێشەكە بە عەشایەری چارەسەر بكرێت نەك یاسایی".

ئەوەشی ووت:"ئەو كەسەی كە دەڵێت كێشەكە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بكەن ئەوە دەستی لە پشتەوەیە، ئەگەر نا لە كوێی دنیادا كێشەیەكی وەها گەوەرە بە عەشایەری چارەسەر دەكرێت لە كاتێكدا ئێمە خاوەن مافین و بەڵگەی سەلمێنەرمان هەیە كە خاوەن مافین، ئەوان دەیانەوێت عەرەبی هاوردە لەم گوندە نیشتەجێ بكەن، ئێستاش ئێمە بۆچارەسەركردنی ئەم بابەتە هەموو پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی كوردمان ئاگادار كردۆتەوە كە كێشەكە چارەسەر بكرێت ئەگەر نا ناوچەكە لە بەردەم شاڵاویەكی تەعریبی بەهێزدایە".

ئەو عەرەبانەی كە دێنە گوندە لە ناوەڕاستی گوندەكە لە بینایەكی كۆندا ڕۆژانە كۆدەبنەوە بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان و ئاڵای هۆزی شەمەریان بەرزكرۆدتەوە، بەهۆی لایەنداری دادگا و ئیدارەی پارێزگای كەركوكەوە بۆیان، بەشێكی ئەو عەرەبانە نوسراوی دادگای فیدراڵی عێراقیان پێیە وەك سەلەماندنێك تا وەك خاوەن ماف دەركەون.

عبدولعریز محمد، یەكێكە لە كەسایەتیەكانی هۆزی شەمەر و هاتۆتە گوندی پەڵكانە بۆ شارپرێس دەڵێت:"ئێمە چاوەڕێی هیچ فەرمانێك ناكەین بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە یەكلای بكاتەوە چوونكە پێشتر حكومەتی عێراقمان ئاگاداركردۆتەوە، ئێمە وەك شەمەرییەكان خاوەن مافین بۆیە هاتوینەتە ئەم ناوچەیە ئێمە خاوەنی نوسراوی دادگاین و خاوەنی نوسراوی فەرمین، ئێمە خاوەنی ناسنامەین هەموو بەڵگەكان دەسلمێنێت كە ئێمە خەڵكی ڕەسەنی ئەم ناوچەین".

ئەو كەسایەتیەی هۆزی شەمەر بە هەڕشەوە دەشڵێت:"چیتر چاوەڕوانی حكومەت ناكەین چوونكە 100 جار لەم كێشەیە ئاگادارمان كردۆتەوە، فەرموون وەرن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن ئەگەر سەلماندنتان دەوێت فەرموون وەرن من دەیسلمنێنم و خاوەن نوسراوی دادگام، من بۆ دەخەنە ناو كێشەی سیاسیەوە و پەیوەندی بە بابەتی نەتەوەی و كوردەوە نیە بەڵكو خاوەن مافم و دەمەوێت مافەكەم بۆ بگڕێتەوە، جیاوازی لە نێوان كورد و عەرەب و نیە وئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ عەرەب نیە، جا بۆچی بابەتەكە دەكەن بە سیاسی، من خانوەكەم دەوێتەوە و هیچی تر".

بۆچاسەر كردنی ئەو پرسە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق سەرۆكی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی ڕاسپاردەوە بۆ پێكهێنانی لیژەنەكەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسە، لیژنەكەش لە 11 پەرلەمانتاری عێراق پێكهاتوون، لیژنەكەش تەنها یەك جار سەردانی كەركوكی كردەوە بۆ ئەو پرسە لەگەڵ فەرماندەی ژوری ئۆپراسێۆنەكانە هاوبەشەكانی كەركوك كۆبونەوە، بڕیارەكە لیژنەكە پاش بەدواداچوون بۆ پرسكە ڕاپۆرتێك ئامادە بكات و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكات.

جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبارەی هۆكارە شارەوەكانی پشت ڕوداوەكانی پەڵكانە بە شارپرێسی ڕاگەیاند:"ئەگەر سەیر بكەین دەبین تا ئێستا عێراق وڵاتێكی ئارام نیە، وڵاتێكە كێشەیەكی زۆری تێدایە كێشەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وە تا ئێستا عێراق خاوەن سەروەری وڵاتەكەی خۆیی نیە، بە دڵنیایەوە ئەوەی لەم ناوچەیە كە ڕودەدات پەیوەندی بەو نائارامیەوە هەیە، ئێستاش بەشێكی زۆری ئەندامانی حزبی بەعس لە دام و دەزگاكانی حكومەت ماوەنەتەوە، لە وەزارەتەكان مان و لە هێزە ئەمنیەكان هەن، دیوە شارەوانی پشت ڕوداوەكانی پەڵكانە ئەو نەفسە شوفێنیەیە كە هاوكاری ئەو عەرەبانە دەكات كە وەك خاوەن ماف دەركەون".

هێمای بۆ ئەوەشكرد:"ئەو كێشانەی كە لەم ناوچەیە هەیە پەیوەندی بە مادەی 140ەوە هەیە، سەرۆكی لیژنەی ئەو مادەیە لە نەتەوەی عەرەب بووە، هەندێك بڕیار دەكراوە كە ئەو زوڵمەی لە نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی تر كراوە بسڕدرێتەوە، حكومەتی عێراق خۆێی كۆمەڵێك بڕیاری دەكردەوە لە سەر خاڵەكانی مادەی 140، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق خۆی ئامادە نەبووە خۆی بڕیارەكان جێبەجێ بكات، حكومەت بە بڕیاری 29 لە ساڵی 2012ئاماژە بەوەدەكات كەسەرجەم گرێبەستە كشتوكاڵیەكان هەڵشاوەتەوە و زەوییەكان بگڕێنەوە بۆ خاوەن ئەسڵیەكان، بڕیار دراوە بە پێی یاسا كە كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام وەزارەتەكان ئەنجوومەنی دادوەری و وەزیری كشتوكاڵ بڕیارەكان جێبەجێ ناكانە".

پێشتر وەزیری دادی حكومەتی عێراق بە نوسراوێكی سەرجەم دادگاكانی ڕاسپاردبوو كە كار بە گرێبەستی كشتوكاڵی ناكرێت و كاركردنی بە گرێبەست هەڵپەسرادبوو، بەڵام بەڕێوبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك تا ئێستا كار بە گرێبەستی كشتوكاڵی دەكات، هۆكاری كاركردنەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە فەرمانگەكەی ئەو لە سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵە نەك وەزارەتی داد.

س.هـ