بارزانى: نابێت موچە بکرێتە کارتێکی فشارو خه‌ڵكى هه‌رێم برسى بكرێن

کوردستان

20/01/2021‌ 1455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانى لەپەیامێكدا ڕایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبونەکانی خۆی جێبەجێکردوە به‌رامبه‌ر به‌غدا، ده‌شڵێت:"پێویستە بابەتی موچە دوربخرێتەوە لەململانێی سیاسی‌و نابێت موچە بکرێتە کارتێکی فشار لەدژی هەرێمی کوردستان‌و سیاسەتی برسیکردن لەدژی موچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت".

له‌میانى كۆبونه‌وه‌ى لەگەڵ کونسوڵ‌و نێردەو دیپلوماتی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند، "هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاریکردوە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت‌و هەموو کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی‌و لەسەر بنەمای دەستور چارەسەربکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبونەکانی خۆی جێبەجێکردوە بەئاراستەی گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە لەبەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت".

وتیشى:"پێویستە بابەتی موچە دوربخرێتەوە لەململانێی سیاسی‌و نابێت موچە بکرێتە کارتێکی فشار لەدژی هەرێمی کوردستان‌و سیاسەتی برسیکردن لەدژی موچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت".

بارزانى ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، له‌هه‌وڵدان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری‌و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات‌و کەمکردنەوەی خەرجییەکان‌و ڕێکخستنەوەی باجەکان‌و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی‌و ناوخۆ، "هەموو هەوڵێکمان خستوەتەگەڕ لەپێناو دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم".

بارزانى باسى پرسى تیرۆرى كردوه‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وتویه‌تى:"هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لەناوچەکەو خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ"، ئاماژەشی بەگرنگیی بەردەوامبونی هاریکاریکردن‌و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێم كردوه‌ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.