زانیاریەکى مەترسیدار لەبارەى هەرێمى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

26/01/2021‌ 14768 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێك كه‌ پشتى به‌ستوه‌ به‌زانیاریه‌كانى دامەزراوەى توێژینەوەى سیاسی، ئابوری‌و کۆمەڵایەتیی (سەتا ـ SATA)ی سەر بەپارتى دادو گەشەپێدان (ئاكپارتى)، قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌، ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، توركیا له‌ڕێگه‌ى پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ عێراقیش ڕازیبوه‌، خۆى ده‌گه‌یه‌نێت به‌موسڵ‌و كه‌ركوك‌و ته‌له‌عفه‌ر.

دامەزراوەى توێژینەوەى (سەتا ـ SATA) ڕاپۆرتێكى له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى دەروازەی سنوریی (کوراڤا ـ پێشخابور) بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى،  ئامانجی سەرەکیی کردنەوەى ئه‌و دەروازەیه‌ تەنها بابەتێکی ئابوری‌و بازرگانی نییە، بەڵکو لەڕێگەى ئەو دەروازە سنوورییەوە تورکیا دەیەوێت پێگەى سەربازیی خۆی لەناوچەکەدا بەهێزبکات‌و لەو رێگەیەوە گوشار بخاتەسەر عێراق.

دەروازەی سنوریی کوراڤا (ئۆڤاکۆی) دەکەوێتەسەر سنوری شرنەخ‌و بەدوریی ١٠ کیلۆمەتر لەدەروازەی (خابور ـ ئیبراهیم خەلیل)دایە، ئەو دەروازە ئەڵتەرناتیڤە، لەشرنەخەوە بۆ تەلعەفەرو موسڵ‌و لەوێشەوە بۆ بەغدا تاوەکو بەسرە درێژدەبێتەوە، لەبەرامبەر کوراڤادا ناوچەی پێشخابور هەیە کە ٥٠ کیلۆمەتری لەناو سنوری هەرێمی کوردستاندایە.

ڕۆژنامه‌ى وڵات زانیارى زیاتر له‌باره‌ى ئه‌و ڕاپۆرته‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"ئەو ناوچەیە سێگۆشەى باشور، باکورو ڕۆژئاوا بەیەکدەگەیەنێت، بۆیە ناوچەیەکی ستراتیژییە، پێشبینیشدەکرێت، بەهۆی ئەو ڕێگایەوە، ئیدی عێراق‌و تورکیا ناچاری دەروازەی سنوریی خابور (ئیبراهیم خەلیل) نەبن، بەو شێوەیە ئامانجی هەردوو دەوڵەتەکە ئەوەیە، باز بەسەر حکومەتی هه‌رێمدا بدەن، چونكه‌ تورکیا ڕاستەوخۆ باجی دەروازەکە بەحکومەتی عێراق دەدات‌و بەهیچ دەسەڵاتێکی تری نادات.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، کردنەوەى دەروازەی سنوریی کوراڤا (ئۆڤاکۆی) پێش هەموشتێک، ئامانجێکی تری سەرەکیی ئەوەیە، لەتەلعەفەر، موسڵ‌و کەرکوک سود بەتورکمانەکان بگەیەنێت‌و لەو رێگەیەوە تورکیا کاریگەریی هێڵی سونی لەناوچەکە دەکاتە ڕۆژەڤ کە گوایە دەیەوێت ڕێگری لەبڵابونەوەى هێڵی شیعە بگرێت.

ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت، ڕۆژى ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەئەنكەرە پێشوازیی لەد.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کرد، دواتر ئۆغڵو باسی کردنەوەى دەروازەی سنوریی کوراڤا واتە ئۆڤاکۆی کردو وتى:"ئاستی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ١٧ ملیار دۆلارەو ئامانجیانە ئەو رێژەیە بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار".

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، تورکیا لەپڕۆژەى دەروازەی سنوریی کوراڤا ـ پێشخابوردا هەندێک گۆڕانکاریی کردوەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی بەشێوەیەکی فەرمی پێشکەشی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردوەو ئه‌وانیش بەو گۆڕانکارییانە ڕازیبون‌و به‌ڵێنێكیش به‌پارتى دراوه‌، به‌ڵام نازانرێت به‌ڵێنه‌كه‌ چییه‌".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ دواى ڕاگه‌یاندنى كردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌روازه‌ سنوریه‌، ئاژانسی هەواڵی هاوار هەواڵێکی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ پشتى به‌ستوه‌ بەسەرچاوە سەربازییەکان‌و نوسیویه‌تى:"پارتى‌و توركیا لەدژی شنگال‌و دێرک لەئامادەکاریی گەورەدان بۆ ئەنجامدانی هێرش، پێشبینیشدەکرێت هێرشەکان لەماوەى ١٠ ڕۆژدا ئەنجامبدرێن، ئەو ناوچانەشی کە ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی ھێرشە تیادا دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئەو سێگۆشە سنوریەیه‌ کە دەیانەوێت دەروازە سنورییەکەی تیادا بکەنەوە".