پەکەکە یەکەم بەریەککەوتنی لەنێوان تورکیاو ئیدارەی نوێی ئەمریکا دروستکرد

کوردستان

17/02/2021‌ 4821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "عەین"ی ئیماراتی، گومانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلێدوانی بەرپرسانی تورکیا بەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ١٣ هاوڵاتی تورکیای لەهەرێمی کوردستان لەسێدارەداوە بەیەکەم بەریەککەوتنی نێوان واشنتۆن‌و ئەنكەرە لەسەردەمی ئیدارەی بایدن هەژماردەکرێت.

خوڵوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاندوه‌، سەربازەکانیان لەمیانی ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ-2"و لەئەشکەوتەکانی چیای گارە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان تەرمی ١٣ هاوڵاتی تورکیان دۆزیوەتەوە کە ئەو پارتە کوردییە لەسێدارەیداون.

دوای بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەوەی ئەگەر دڵنیاببنەوە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو کارەی کردوە ئەوە بەتوندترین دەستەواژە ئەو کردەوەیە سەرکۆنە دەکەن، ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش هێرشیکردەسەر واشنتۆن‌و بەپشتیوانیکەری تیرۆر تۆمەتباری کرد.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکاى لەئه‌نكه‌ره‌ کردو ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەبەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێڕاگەیاند کە گومانی لەگێڕانەوەکەی سوپای تورکیا هەیە بەوەی پەکەکە هاوڵاتییە تورکییەکانی  لەهەرێمی کوردستانی عێراق کوشتوە.

هەر لەوچوارچێوەیەدا بەگوێرەی پێگەی "ئەحوال تورکیا"، مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بەئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەوە کردوەو نیگەرانی تورکیای لەبه‌رامبەر بەیاننامەکانی ئەمدواییەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەربڕیوە.

چاودێران دەڵێن، هەڵکشانی ئاستی گرژییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکاو کاتەکەی لەبەرژەوەندی ئەنكەرەدا نییە، بەتایبەت کە ئەو وڵاتە لەدۆخێکی دارایی خراپدایەو هەر لەبنەڕەتیشەوە ترسی لەسەپاندنی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا بۆسەری هەیە، بەتایبەت کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕەفتارەکانی ئەمدواییەی تورکیا بەدوژمنکارانەو پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەو یاسا نێودەوڵەتییەکانی هەژماردەکەن.

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، پێدەچێت ئیدارەی بایدن نیازی هەبێت هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر بەئەردۆغان‌و حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدان پیشانبدات، ئەوەش بەڕونی لەچاوپێکەوتنەکەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٩ی بایدندا دەردەکەوێت کە تێیدا ئەردۆغانی بەکەسێکی ستەمکار وەسفکردو لەبەرامبەر کارو کردەوەکانی لەدژی کورد ڕەخنەی لێگرت، بەشێوەیەک ئەوکات بایدن وتی:"دەبێت ئەردۆغان باجی ئەوکارانەی بدات".

هەروەک چۆن جەختیکردەوە لەسەر پشتیوانیکردنی هێزە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا لەدژی ئەردۆغان، بەڵام نەوەک لەڕێگای کودەتاوە، بەڵکو لەڕێگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.

بایدن بەڵێنی ئەوەشیداوە کە دان بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی تورکە عوسمانییەکاندا بنێت، کە ئەو بابەتە هەستیارییەکی زۆری لای ئەنكەرە هەیەو لەماوەی سەدەی ڕابردودا ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا خۆیان لەو هەنگاوە بەدورگرتوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی 

بەپەلە