شارپرێس:
بەپێی چەند سەرچاوەیەک لەڕۆژئاوای کوردستان، ڕوسیا بەشێک لەهێزە سەربازییەکانی لەشارۆچکەی عەین عیسا لەڕۆژئاوای کوردستان کێشاوەتەوە، هەروەک کەناڵی "مەیادین"ی نزیک لەئێران ئاشکرایکردوە، ڕوسیا خاڵی چاودێری ڕوسیا لەتەلتەمرو عەین عیسا تاڕادەیەک چۆڵکردون.
سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، دوو کاروانی سەربازیی ڕوسیی لەبنکەی سەربازیی عەین عیسا لەگوندەواری ڕەققەو وێستگەی ئەبقار لەتەلتەمەری باکوری ڕۆژئاوای حەسەکە کشاونەتەوەو بەرەو دوو بنکەی سەربازی تری ڕوسی لەقامیشلۆو تەلسەمەن لەباشوری عەین عیسا ڕۆیشتون.
لای خۆیشییەوە چەند سەرچاوەیەکی میدیایی سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) ڕایگەیاند، "لەڕۆژی یەکشەممەوە ڕوسەکان بنکە سەربازییەکەیان لەعەین عیسا چۆڵکردوەو ئاڵاکەیان لەسەری داگرتوەو بێ هیچ هۆکارێکی ڕون بەرەو بنکەی سەربازیی ڕوسی لەتەل سەمەن لەگوندەواری باکوری ڕەققە کشاونەتەوە".
سەبارەت بەهۆکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا، کەناڵی مەیادین باسی لەوەکردوە، بەهۆی تۆپبارانکردنی هێزە تورکیو گروپە چەکدارییە سورییەکانی لایەنگری ئەنكەرە لەلایەن هەسەدەوە خاڵەکانی چاودێری ڕوسیا کەوتونەتە بەر مەترسیی وەڵامدانەوەی تورکیا ڕوسیا ئەو هەنگاوەی ناوە.
بەڵام بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوسەکان دەیانەوێت لەڕێگای کشانەوە لەو بنکە سەربازییەو پیشاندانی مەترسیی هێرشی سەربازیی تورکیا گوشار بخەنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆئەوەی گوندەکانی نزیک ڕێگای M4 لەگوندەواری عەین عیسا ڕادەستی هێزەکانی تورکیا بکات کە بەوە پەیوەندی نێوان کۆبانێو ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان دەبڕێت، ئەوە جگە لەگوشارکردن لەهەسەدە بۆ ڕادەستکردنی گەنمی سایلۆکانی شەرکراکو چەند گوندێکی عەین عیسا بەڕژێمی دیمەشق.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبەرامبەر مانەوەی هێزەکانی ڕوسیا لەناوچەکە، ئەو داواکارایانەیان ڕەتکردۆتەوەو ئامادەنەبون ناوچەکە چۆڵبکەن، هەربۆیە دوای ماوەیەک ڕوسەکان بەشێک لەهێزەکانیان بۆ بنکەکان گەڕاندۆتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی