ڕەگەزی منداڵی یەکەم کاریگەریی لەسەر جیابونەوەی هاوسەران هەیە

هەمەڕەنگ

23/02/2021‌ 939 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن تیمێک لەزانایانی زانکۆی ملبۆرن‌و زانکۆی ویلایەتی جۆرجیا لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوەو ئەنجامەکانی لەگۆڤاری "ئیکۆنۆیست"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت:"ژمارەی حاڵەتەکانی لەیەکجیابونەوەی هاوسەران بەشێوەیەکی گەورە دەکەوێتەسەر جۆری ڕەگەزی یەکەمین منداڵ".


لێکۆڵینەوەکە گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی، ئەو هاوسەرانەی یەکەم منداڵیان لەڕەگەزی مێیە، زیاتر ئەگەری لەیەکتر جیابونەوەیان هەیە، بەتایبەت کاتێک کچەکان دەگەنە تەمەنی هەرزەکاریی.

هەروەک چەندین ڕاپرسیی ئەوەیان دەرخستوە، دایکان‌و باوکان لەبارەی شێوازی پەروەردەکردنی منداڵان‌و ئەو جلوبەرگانەی کچەکانیان دەیپۆشن‌و هاوڕێ نزیکەکانیان زۆر توشی مشتومڕو دەمەقاڵە دەبنەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەساڵی ١٩٧١ لەهۆڵەندا ئامادەکراوە، لە20.48%ی  هاوسەران کاتێک کچەکانیان دەگاتە تەمەنی ١٥ ساڵی لەیەکتر جیادەبنەوە، لەبەرامبەردا لە20.12%ی ئەو هاسەرانەی منداڵی کوڕیان هەیە لەیەکتر جیادەبنەوە.

توێژەرەکان دووپاتیان کردەوە کە مەترسی جیابونەوە لەنێوان ئەو هاوسەرانەی کچیان هەیە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە، ئەگەربێت‌و باوکەکە خۆی خوشکی هەبوبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی