شارپرێس:
دادگای پێداچونەوەی ھەرێم سزای زیندانیکردنی محەمەد مەلا حەسەنی قایمقامی پێشوی خانەقینی ھەڵوەشاندەوە و داواشى کردوە دەبێت دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکرێت.
بەپێی نوسراوێک لە بڕیاری ژمارە ٢٨٢ی دادگای پێداچونەوەی 'تمیز' ھەرێمی کوردستان لە رێکەوتی ٢١/٢/٢٠٢١، بڕیاریداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنی قایمقامی پێشوی خانەقین.
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی پێشوی خانەقین، تۆمەتبار کرابوو بە زیانگەیاندن بە داھاتی گشتی بەتایبەت لە دۆسیەی گەراجێکی ناو قەزاکە، ھەربۆیە لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیانەوە بە ٢ ساڵ زیندانییکردن بەپێی مادەی ٢٣٥ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا درابو.
دواى تانەدان لە بڕیاری سزادانەکە، دادگای پێداچونەوە بە قازانجی تۆمەتبار محەمەد مەلا حەسەن بڕیاری دەرکرد و باسی لەوەکردوە کە بەڵگەکان تێوەگلانی ئەو لە بەکارھێنان و بەھەدەردانی سامانی گشتی ناگەیەنن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەناوی قائیمقامی خانەقین ڕاگەیەنراوێک لە پەیجی پێشووی قائیمقامی قەزای خانەقینەوە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاندووە، قائیمقامی پێشووی خانەقین ئازادکراوە.
پێشتر بەتۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگا سزا درابوو ڕەوانەی زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرابوو بۆ بەسەربردنی سزاکەی.
ماوەی سزاکەی دوو ساڵ زیندانی کردن بوو، داوای تێهەڵچوونەوەی کردوە و ئازادکراوە.
س.هـ