مەرجى ئەوە بووە هیچ لایەنێکى كوردی بەشداری نەکات
پارتى داواى هاوپەیمانیەتییەکى دوور مەودوای لە رەوتی سەدر کردووە

عیراق

03/03/2021‌ 3543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی دەڵێت، لەم ماوەیەدا سەردانی شاندە باڵاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا زۆر دووبارەبوونەوە، دوا شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری گفتوگۆ و دانوستانی دوورودرێژ و قوڵی لەگەڵ هێزە سیاسییە سەرەكییەكان ئەنجامداوەو نەرمییەکى بێ ئەندازەی نواندووە بەرامبەر لایەنە عێراقییەکان.

 فەرهاد عەلائەدین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی لە وتارێکدا زانیاری گرنگ ئاشکرا دەکات و تیایدا ئاماژەى بەوە کردوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند كە گفتوگۆكان تایبەت بوون بە پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكان، لەو گفتوگۆیانەدا پارتی نەرمونیانییەكی زۆری لە بەرامبەر هێزە سیاسییەكانی عێراق و بە تایبەتیش ڕەوتی سەدر نیشانداوە كە پێشتر وێنەی نەبووە، تەنانەت شاندەكەی پارتی داوایكردووە پێش هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانییەكی دوورمەودا لەگەڵ ڕەوتی سەدر پێكبێنێت، بەڵام ڕەوتی سەدر ئەو پێشنیارەی پارتی ڕەتكردۆتەوە، بەو پێیەی ڕەووتەكە نیازی وایە بە تەنیا بچێتە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە.

 

سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی باسى لەوەشکردوە، ئەوەی جێگەی تێڕامان و سەرنجە كە پارتی گەرەكیەتی بە تەنیا هاوپەیمانییەك لەگەڵ ڕەوتی سەدر پێكبێنێت، ئەوەشی كردۆتە مەرج كە نابیت هیچ هێزێكی دیكەی كوردی بەشداری لەو هاوپەیمانییەدا بكەن، هەروەها نابێت هێزە كوردییەكانی دیكە هیچ پۆستێكی باڵا لە بەغدا وەربگرن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پۆستی سەرۆك كۆمار.

فەرهاد عەلائەدین دەڵێت، لە لایەكی دیكەشەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتۆتە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەگەڵ ڕەوتی حیكمە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەكی دوورمەودا، بەو مەرجەی عەمار حەكیم بتوانێت پێكهێنانی ئەو ڕەووتە تەواو بكات.

 بەوتەى ناوبراو هاوپەیمانی هیوای پەرلەمانی كە بەم دواییانە پێكهاتووە و چەند پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی كوردی لە خۆدەگرێت، تاوەكو ئێستا نیەت و نیازی خۆی ڕوونەكردۆتەوە كە ئاخۆ بەشداری لە هەڵبژارنەكانی ئایندەدا دەكات یاخود نا.

سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی  ئەوەشى خستووەتەڕوو کە ئەوەی لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی پارتیا جێی سەرنجە ئەوەیە كە پارتی دەیەوێت بە تەیا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا بكات، ئەوەشی كردۆتە مەرج بەسەر هێزە سیاسییە عیراقییەكانەوە كە نابێت هیچ هێزێكی دیكەی كوردی لەو هاوپەیماییەدا بەشدار بێت، لەوەش زیاتر داوای كردووە هیچ پۆستێكی باڵا لە بەغدا بە پارتە كوردەكانی دیكە نەدرێت و بە تایبەتیش سەرۆكایەتی كۆمار.

س.هـ