ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: واشنتۆن سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات

جیهان

27/03/2021‌ 1080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامه‌یه‌كى ئه‌مریكى لەزاری گەورە بەرپرسێکی ئیدارەی جۆ بایدنەوە ئاشكرایكردوه‌، واشنتۆن نیازی هەیە چەند ڕێکارێک بگرێتەبەر کە بەهۆیەوە سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات.


ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی له‌زارى بەرپرسە ئەمریکییەکەوه‌ نوسیویه‌تى:"ڕەنگە سوککردنی سزاکان بەر لەدیداری بەرپرسانی ئێران لەبارەی بەرنامە ناوەکییەکەوە ڕوبدات، تاوەکو ئەو هەنگاوە ببێتە هاندەرێک بۆئەوەی تارانیش لەبارەی پابەندییەکانی بەبەرنامە ناوەکییەکەیەوە هەنگاوی هاوشێوە بنێت".

بەرپرسەکەی ئیدارەی بایدن پێیوابوە، کشانەوەی ئیدارەی پێشوی ئەمریکا لەڕێککەوتننامەی ناوەکیی نێوان ئێران‌و وڵاتانی زلهێز هەڵە بوەو پرۆسەی ئەوپەڕی گوشار بۆسەر تاران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە شکستیهێناوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەشکردوە، چەند بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی دیكه‌ ڕایانگەیاندوە، خەریکە دەستبەرداری بیرۆکەی دیداری ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران‌و واشنتۆن لەئایندەیەکی نزیکدا دەبن، لەبری ئەوە بەدوای ڕێگاچارەیەکدا دەگەڕێن کەبەپێی ئەوە ئێران‌و ئەمریکا وردە وردە بۆ پابەندییەکانیان بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی بگەڕێنەوە.

لەوچوارچێوەیەدا دیبلۆماتکارێکی ئەوروپایی ئاشکرایکردوە، ئێرانییەکان دەیانەوێت شتێکیان دەستبکەوێت، بەڵام سروشتی ئەو شتە هێشتا ڕون نییە.

چوارشەممەى ڕابردوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەپەراوێزی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لەڕێکخراوی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) وتی:"بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێگا دیبلۆماسییەکان لەبارەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ئێستا تۆپەکە لەگۆرەپانی ئێراندایە".

لەبەرامبەدا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەکۆبونەوەیەکی حکومییدا ڕایگەیاند، "حکومەتەکەی کاردەکات بۆئەوەی گەمارۆکانی سەر گەلی ئێران هەڵبگیرێن".

وتیشى:"ئەگەر وڵاتانی بەشدار لەڕێککەوتننامەی ناوەکی بڕیاریاندا بۆ ڕیککەوتنەکە بگەڕێنەوەو سەرجەم پابەندییەکانیان جێبەجێبکەن‌و ئێمەش دڵنیابوین کە ئەو ڕێکارانە بەشێوەی کرداری جێبەجێکراون، ئەوە ئەوکات ئێمەش هەموو پابەندییەکانمان بەپێی ڕێککەوتنەکە بەجێدەگەیەنین".