حکوومەتی هەرێم ڤاکسین لە سێ کۆمپانیا دەکڕێت

کوردستان

04/04/2021‌ 1934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی ڤاکسینی جۆری (ئەسترازینکا) بگاتە کوردستان و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ: "ڤاکسین لە سێ کۆمپانیا دەکڕین".

 د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانی لە هەوڵدایە بۆ کڕین و دابینکردنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیاکانی فایزەر و سینوفارم و ئەسترازینکا، زۆر نزیکین بۆ کڕینی ڤاکسین.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو ڤاکسینەی لە هەرێمی کوردستان بەکار دێن، هیچ کاریگەرییەکیان پەیدا نەکردووە و لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانیەوە پەسەند کراون، لەبەر ئەوەش حکوومەتی هەرێم تەنیا ئەو ڤاکسینانە بەکار دێنێ، کە باوەڕپێکراون لە رووی زانستییەوە.

حەوێزی روونیشی کردەوە لە رۆژانی داهاتوودا کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی جۆری (ئەسترازینکا) لە ڕێگەی بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و دابەش دەکرێت.

لەماوەى رابردوودا حکومەتى هەرێم دوو وەجبە لە ڤاکسینى لە حکومەتى عێراق و چین وەرگرتووەو تائێستا کارمەندانى وەزارەتى تەندروستی و چەند توێژێکى دیکە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.